مافی خانەنشینیی ی و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی ی ژمارە (9)ی ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان "کێشە و گرفت و لایەنە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی"
3/18/2025 8:14:10 PM

 شارەزای یاسایی 

عەبدولقادر سالح عەبدول

توێژەر لە بواری وەزیفەی گشتی 


پێشەکییەکی مێژوویی

 خانەنشینیی وەک مافێک بۆ فەرمانبەرانی راژەی شارستانیی و راژەی سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا رێکخراوە، بەو مانایەی لەپاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو، یاسادانەر رێگەی نەدا بەوەی ئەم بوارە بۆشایی یاسایی تیا دروست ببێت، بۆیە لە ساڵی 1922 یەکەم یاسای خانەنشینیی دەردەچێت بە ژمارە (21)، ئەم یاسایە لەلایەن وەزیری دارایی ئەو کاتەوە پێشنیار دەکرێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران رەزامەندی لەسەر دەدات و پاشان شا فەیسەڵی یەکەم وەک یەکەم یاسای خانەنشینیی مەرسومی دەرچواندنی بۆ دەردەکات، ئەم یاسایە لە چوار ماددە پێکهاتبوو، لە مادەی دووەمی یاساکەدا مافەکانی خانەنشینیی مەئمورەکانی پاشایەتی و سەربازەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دەقە یاساییانەی دەوڵەتی عوسمانی چارەسەری ئەم بابەتەی کردووە، بێگومان ئەمەش نیشاندەری ئەوەبوو دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراق هەوڵیدا بۆ دروست نەبوونی بۆشایی یاسایی لەم بوارەدا ئەم یاسایە دەربکات، هەرچەند ئەوەی دەرکراوە بە ناوی یاساوە لەلایەن دەسەڵاتێکی یاسادانانەوە دەرنەکراوە بەڵکو رەنگە وەک مەرسومێکی شاهانە و هەنگاوێکی راگوزەر دەکرابێت بۆ دروست نەبوونی بۆشایی یاسایی لەم بوارەدا .

 دواتر لە ساڵی 1930 دەوڵەتی ئەو کاتەی عێراق یەکەم یاسای خانەنشینیی تایبەت بە خۆی دەردەکات بەناوی یاسای خانەنشینیی شارستانیی بە ژمارە( 12)ی ساڵی 1930 لە (49) ماددە پێکهاتبوو، لەلایەن ئەنجومەنی ئەعیانەوە دەرچوێنراوە، بەڵام دوای نزیکەی دە ساڵ لە دەرچوونی ئەم یاسایە، یاسادانەر لە عێراق یاسایەکی دیکەی خانەنشینیی شارستانی دەردەکات و ئەوەی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەویش یاسای ژمارە (43)ی ساڵی 1940 و ئەمەی دوایی کاری پێ دەکرێت بۆ ماوەی (36) سی و شەش ساڵ تا دواجار لە ساڵی 1966 بە یاسای خانەنشینیی شارستانی ژمارە(33)ی ساڵی 1966 هەڵدەوەشێتەوە و ئەمەی دوایی جێگەی دەگرێتەوە ، بەم جۆرەش یاسای خانەنشینیی شارستانی ژمارە (33)ی ساڵی 1966 کاری پێ دەکرێت تا ئەوەی لە ساڵی 2006 و بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم یاسایەی دواییدا، ناوی یاساکەش لە یاسای خانەنشینیی شارستانی گۆڕا بۆ یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، بەڵام یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 تەمەنی زۆر نەبوو تا ئەوەی پاش نزیکەی هەشت ساڵ بە یاسای خانەنشنیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هەڵوەشێنرایەوە و ئەمەی دوایی جێگەی گرتەوە.

 بونیاد لەسەر ئەوەی لەپێشەوە باسکرا دەردەکەوێت بابەتی خانەنشینیی وەک بابەتێکی جیانەکراوە لە دەوڵەتداری و حوکمڕانی، جێگەی گرنگی و بەهەند وەرگرتن بوو لەبەر ئەوەی مافی ئەوانە رێکدەخا شایستەی دەبن لەپاش تەمەنێک خزمەتکردن لە دامەزراوە یاسایی و دەستورییەکان دەوڵەت شایستەی دەبن و پێویستە لەپای ئەو خزمەتەیان بەرێزەوە مامەڵەیان لەگەل بکرێت و مافەکانیان لەو قۆناغەدا بە دەقی یاسا بۆ زامن بکرێت بەجۆرێک لەگەڵ بارودۆخی ژیان و پێگە و ئەو راژەیاندا گونجاوبێت پێشکەشیان کردووە . 

تایبەتمەندییەکانی مافی خانەنشینیی

 بەگەڕانەوە بۆ ئەو دەقە یاساییانەی لە دووتوێی ئەو یاسایانەی لەسەر ئەوە ئاماژەیان پێکراو هاتوون دەربارەی مافەکانی خانەنشینیی ی، دەردەکەوێت مافی خانەنشینیی کۆمەڵە خاسیەتێکی تایبەتی هەیە و ئەو خاسیەتانەش لە چوارچێوەی دەقە یاساییەکانەوە جێگیرکراون بە جۆرێک تەنانەت وەک نیزامی گشتی مامەڵە لەگەڵ هەندێکیان کراوە، لە خوارەوە هەوڵدەدەین بە کورتی ئاماژە بەو خاسیەتانە بکەین :

یەکەم: مافی خانەنشینیی مافێکە شیاوی دەست لێهەڵگرتن (تنازل) نییە 

یاسادانەر لە دوتوێی دەقە یاساییەکانی بواری خانەنشینیی دا رێگه‌ی نەداوە ته‌نازول له‌مافه‌كانی خانه‌نشینی بكرێت بۆ كه‌سێك جا کەسی ئاسایی بێت یان واتایی وەک رێکخراوی خێرخوازی و هه‌ر جۆره‌ ته‌نازولێكی له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ پوچه‌ڵكراوه‌ داناوە و به‌هه‌ند وه‌ری نەگرتووە وته‌نازولکردنی کەسی خانەنشینکراوی له‌مافی خانه‌نشینی قه‌ده‌غه‌كردووه‌، بێگومان ئەمەش لەلایەک له‌پێناو پاراستنی كه‌سی خانه‌نشينكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له هیچ هەلو مەرج و بارودۆخێکی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتیدا ته‌نازولی پێ نه‌كرێت لە مووچەکەی به‌ هۆی لاوازی باری جه‌سته‌یی و پێگه‌كه‌یه‌وه‌ و دواتر پشتگوێبخرێت و ده‌ربه‌ده‌ر بكرێت و بخرێته‌ سه‌ر شه‌قام، له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئەگه‌رهاتوو ته‌نازول روویدا ئه‌وا گریمانه‌ و واقیعی نوێ په‌یدا ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ سروشتی جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای خانه‌نشینی و مافی خانه‌نشینيدا ناگونجێت. .(م 33/ دووەم/ یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە9ی ساڵی 2014)


دووەم: مافی خانەنشینیی یارای بەسەرچوون (تقادم) نییە

مافەکانی خانەنشینیی بە دەقی یاسا، یارای (قابل)ی بەسەرچوون نین و بە دەقی یاسا مافەکان پارێزراو دەبن مادەم کەسی خانەنشین بوو یان شایستەبووەکانی ئەو مەرجانەیان لە دەست نەدابێت لە یاساکەدا هاتووە، بێگومان ئەمەش زەمانەتێکی یاساییە و رێگەپێدراونییە دەسەڵاتی جێبەجێکردن رەچاوی نەکات، ئیتر هۆکاری دواکەوتنی داواکاری خانەنشینبوو یان شایستەبووەکانی بۆ مافەکانی خانەنشینیی هەر هۆکارێک بێت. .(م 33/ یەکەم/ یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە9ی ساڵی 2014)

 سێیەم: تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون لە نیزامی گشتییە

مەبەست لەتەمەنی یاسایی خانەنشینبوون بریتییە لەو تەمەنەی تیایدا فەرمانبەر سیفەتی وەزیفی نامێنێت و بە حوکمی یاسا دەبێت هەواڵەی خانەنشینیی بکرێت، لەم بارەدا یاسادانەر رێگەی نەداوە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان خودی فەرمانبەرەکەش تەمەنەکەی بچوک بکاتەوە بۆ ئەوەی درەنگتر هەواڵەی خانەنشینیی بکرێت، یاسادانەر تەنانەت رێگەی نەداوە بەبڕیاری دادگا دەستکاری تەمەنەکە بکرێت و بە دەقی یاسا دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە ئەگەرهاتوو گۆڕانکاریی بکرێت لە تەمەنی فەرمانبەر بە بریاری دادگا ئەوا ئەو بڕیارە بە هەند وەرناگیرێت و کاری پێ ناکرێت. بێگومان کار نەکردن لەم بارەدا بەبڕیاری دادگا یەکێکە لە بەدەرکردنە زۆر دەگمەنەکان.(م 34/ یەکەم/ یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە9ی ساڵی 2014)

چوارەم: مافی خانەنشینیی میراتی نییە

مافی خانەنشینیی جیاواز لەهەر مافێکی دیکە کاتێک لە کەسی وەفاتکردووە بەجێ دەمێنێ بە میراتی دانانرێت و حوکمەکانی میراتی بەسەردا پیاد ناکرێت، لەرووی یاساییەوە ئەم مافە کاتێک دەگوازرێتەوە بۆ جێنشینی شایستەبووی وەفاتکردوو ، دوو خەسڵەتی دیاری هەیە:

1- هەموو میراتگرێک نابێتە جێنشین (خلف) بۆ شایستەبوون بەمافی خانەنشینیی ، بەڵکو تەنها ئەوانە دەبنە جێنشین یاساکە دەستنیشانیکردوون بێگومان ئەمەش بەرەچاوکردنی ئەو مەرجانەی بۆ شایستەبوونەکە دایناوە، بونیاد لەسەر ئەمەش هەموو میراتگرێک بە جێنشین دانانرێت و شایستەی مافی خانەنشینیی نابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە رەنگە فەرمانبەرێک یان خانەنشینبوویەک وەفات بکات، بەڵام هیچ جێنشینێکی لەدوا بەجێ نەمێنێ سەرەرای ئەوەی لەوانەیە چەندین میراتگری هەبێت، بەڵام بێگومان هەموو جێنشنیێک دەبێت میراتگر بێت ( ).

2- دابەشکردنی مووچەی خانەنشینیی کەسی وەفاتکردوو بەسەر جێنشینەکاندا بەشێوەی یەکسان دەبێت، بەو مانایەی پێوەرەکانی شەریعەت لەدابەشکردنی میراتی پیادە ناکرێت بەسەر دابەشکردنی پشکی خانەنشینیی چونکە لە بنەڕەتدا مافەکە بە میراتی دانانرێت بەم هۆیەشەوە رێسای شەرعی دابەشکردنی پشکی میراتی بەسەردا پیادە ناکرێت .(م 28/یەکەم لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ی سالی 2014)


یاسای خانەنشینیی ی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 و ئیشکالیەتەکانی جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستاندا 

لەپاش راپەرینی ساڵی 1991 هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو یاسایانە مایەوە پێشتر لە هەرێم کاریان پێکرابوو لەلایەن یاسادانەری عیراقیەوە دەرچوێنرابوون، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە ساڵی 1992 پەرلەمانی کوردستان دەستی بە دەرچوانی یاساکان کرد، بەڵام لە بوارە سەرەکییەکاندا ـ بۆ نموونە لە بواری وەزیفەی گشتیدا ـ وەک یاساکانی راژەی شارستانی و بەرزەفتی و یاسای خانەنشینیی ، هەرێمی کوردستان پشتی بە یاسا عیراقییەکان بەست و لەسەر ئەو یاسایانە مایەوە ، ئەمەش بوو بە هۆی هەرێم لەم بوارانەدا یاسای تایبەت بە خۆی نەبێت و یاسا عێراقییەکان پیادە بکات، یەکێک لەو یاسایانەی لە هەرێم کاری پێکرا یاسای خانەنشینیی شارستانی ژمارە (33)ی ساڵی 1966 بوو ، کە تا ئەو کاتەی بە یاسای ژمارە (27)ی سالی 2006 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەڵوەشایەوە، حکومەتی هەرێم کاری پێکرد و دواتر راستەوخۆ دەستی لەم یاسایە هەڵگرت و کاری بەیاسای ژمارە (27)ی ساڵی 2006 کرد، 

 چاوەڕێ دەکرا حوکمەکانی یاسای ژمارە (27) گشتگیر و وردەکار و چارەسەر ئامێزبن بۆ ئەو گرفت و کیشانەی دووچاری جێبەجێکردنی یاساکەی پێشوو هاتبوونەوە، بەڵام پاش چەند ساڵێکی کەم لە کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە دەرکەوت یاساکە دەستەوسانە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفت و کێشەکانی خانەنشینیی و لای کەمی مووچەی خانەنشینیی بە جۆرێک بوو لە ئاست پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خانەنشیناندا نەبوو، بۆیە یاسادانەری عێراقی بەزوویی کەوتە خۆی لەم بوارەدا و پاش هەشت ساڵ یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014، دەرکرد بەڵام لە هەرێم کار بەم یاسای دوایی نەکرا و لەسەر یاسا کۆنە هەڵوەشاوەکەی ساڵی 2006 مایەوە . کە ئەمەش لەرووی یاساییەوە دروست نەبوو، وەک دادگای باڵا فیدراڵی جەختی لەسەر کردەوە لەبریاری ژمار (212/اتحادیة/2022)، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە خانەنشینیی ی خۆی نەبوو دەبوا کاری بە یاسا نوێیەکەی خانەنشینیی بکردایە نەک بە یاسا هەڵوەشاوەکە، بەو مانایەی ئەگەرهاتوو هەرێم بۆ خۆی یاسای خانەنشینیی تایەبت بە خۆی هەبایە، ئەوا بەپێی دەستوری عێراق پابەند نەدەبوو بە جێبەجیکردنی یاسای خانەنشینیی دەرچوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 پاش دەرچوونی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 6943 لە 24/6/2008 بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا و لەڕووی یاساییەوە پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (11)ی ساڵی 1992 ی پەرلەمانی کوردستان پێویست بوو ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای بەرکاربوونی بۆ دەربکرایە ئەو کات لەلایەنی حکومەتی هەرێمەوە بەرکار بکرایە، بەڵام لەم بوارەدا حکومەتی هەرێم کاری بە یاساکە کرد و پەرلەمانی کوردستانیش بێ دەنگی هەڵبژارد و لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی نەبوو.

 لەپاش هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006ی بەرکار لە هەرێم بە یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هەموو لایەک چاوەرێی دەکرد حکومەتی هەرێم وەک بەکارکردنی یاسا هەڵوەشاوەکە لە کاتی خۆیدا بە هەمانشێوە ئەم یاسا نوێیەی خانەنشینیی بەرکار بکات چونکە لەلایەک ئەو یاسایەی هەرێم کاری پێدەکرد هەڵوەشابوویەوە و لەلایەکی دیکەش یاسا نوێیەکە کۆمەلێکی زۆر باش لە ماف و ئیمتیاز و چارەسەری گونجاوی تێدابوو بۆکیشەی خانەنشینان، بەڵام حکومەتی هەرێم سوور بوو لەسەر کارکردن بە یاسا هەڵوەشاوەکە و هۆکارێکی ئەوەی لەم بوارەدا هانی حکومەتی هەرێمیدا بۆ ئەوەی مکوڕ بێت لەسەر یاسا کۆنەکە، ئەو بارودۆخە بوو بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەندا هات بەهۆی راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بێ گەڕانەوە بۆ عێراق و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری ، چونکە لە باری کارکردن بە یاسا نوێیەکە دەبوا دەیان ملیار دینار تەرخان بکرایە بۆ سەر مووچەی خانەنشینیی ان لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم قەیرانی ئابووری تەنگی پێهەڵچنیبوو تەنانەت نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بدات، هەروەک هۆکارێکی دیکەی دۆخەکە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە حکومەتی هەرێم لە بنەڕەتدا سندوقی خانەنشینیی دروست نەکردبوو بەپێی ماددەی (18)ی یاسای خانەنشینیی ژمارە (27)ی ساڵی 2006 ، بەڵکو بەپێچەوانەوە وەک مووچەی فەرمانبەران مووچەی خانەنشینانی دەدا؟ کە ئەمەش تەواو ناکۆک بوو لەگەڵ مافی خانەنشینیی و دەقی حوکمەکانی یاسادا، بەم جۆرەش فەرمانبەرانی هەرێم بێبەشکران لەو ماف و ئیمتیازاتانەی لە یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 و یاسای هەمواری یەکەمی یاساکەدا هاتبوو بە ژمارە (26)ی ساڵی 2019 .

 دوخەکە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ژمارەیەک لە خانەنشینانی هەرێم پەنایان بردە بەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و لەرێگەی داوای ژمارە (212/ اتحادیة/2022) لەرێکەوتی 23/11/2022 دادگاکە بڕیاریدا بەنادروستی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەهەمانکاتدا پابەندکردنی هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 لە وردەکاری بڕیارەکەیدا، دادگای باڵای فیدراڵی دووپاتی ئەوەی کردبووە کارکردن بە یاسای ژمارە (27)ی ساڵی 2006 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی یاسایی و دەستووری نەبووە، بەڵام دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەش لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی و دووپاتکردنەوەی نادروستی کارکردنی حکومەتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە (27)ی ساڵی 2006، حکومەتی هەرێم بەردەوام بوو لەکارکردن بە یاسا هەڵوەشاوەکە.

 لە دوای دەرچوونی بریاری دادگای باڵای فیدراڵی لە داوای ژمارە (224 و محدتها 269/اتحادیة/2023) لە رێکەوتی 21/2/2024 و پابەندکردنی حکومەتی عێراق و هەرێم بەنیشتەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و توێژەکانی دیکەی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە عێراق، جارێکی دیکە باس و خواسی کارکردن بەیاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 گەرمو گوڕ بوویەوە بە تایبەت لە دوای ئەوەی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لە عێراقەوە تەمویلکرا و لێبڕینەکانی خانەنشینیی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕدرا، تا ئەوەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی 3/7/2024 بە بڕیاری ژمارە (259) بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی سالی 2014 لە هەرێمی کوردستان، بێگومان جێبەجێکردنی یاساکە لە هەرێم و لەپاش زیاتر لە دە ساڵ جێبەجیکرانی لەعێراق بەشی خۆی ئاریشە و گرفتی لێ دەکەویێتەوە لەکاتی پیادەکردنیدا لەهەرێمی کوردستان، لەخوارەوە نیشانە بە هەندێک لە گرفت و ئاریشانە دەدەین:

 یەکەم: رێکەوتی بەرکاربوونی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا 

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 رێکەوتی بەرکارکردنیەتی؛ ئایا حکومەتی هەرێم لە رێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە یاساکە جێبەجێ دەکات واتە لە 23/11/2022 لە داوای ژمارە (212/اتحادیة/2022) کە لەو بڕیارەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی پابەند دەکات بەکارکردن بە یاساکە یان لەو رێکەوتەوە کاری پێدەکات حکومەتی هەرێم دیاری دەکات؟ ئەمەش گرفتێکی گەورەیە، چونکە ئەگەر لە تێڕوانینی یاساییەوە سەیری بکەین و چاوپۆشیی بکەین لەو ماوەیەی دەکەوێتە پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە 23/11/2022 ، ئەوا بەبڕوای ئێمە دەبێت یاساکە بە ئاسەواری گەڕاوەیی لەرێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگاوە جێبەجێ بکرێت، چونکە بڕیارەکەی دادگا لەلایەک دووپاتی ئەوە دەکات کارکردنی حکومەتی هەرێم بە یاسای ژمارە (27)ی ساڵی 2006 دروست نەبوو (عدم صحة) و لەلایەکی دیکەشەوە بڕیارەکە هەریەک لە سەرۆک وەزیرن و وەزیری دارایی هەرێم بە پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئەمەش پابەندییەکی یاسایی دروست دەکات بۆ هەریەک لەسەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی هەرێم، چونکە بڕیارەکانی دادگا (بات و ملزم)ن، بونیاد لەسەر ئەمەش ئەگەر حکومەتی هەرێم کار بە یاساکە بکات لەرێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگاوە بە ئاسەواری گەڕاوەیی (أثر رجعی) ئەوا پابەند دەبێت بەدانی هەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی یاساکە داویەتی بەو فەرمانبەرانەی لەو رێکەوتە بە دواوە خانەشنین بوون لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی مووچەی ئەو خانەنشینیانە لە رێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکەوە یاسای خانەنشینیی ژمارە (27)ی ساڵی 2006 بەسەردا پیادەکراوە، کە بەبڕوای ئێمە ئەمەش کارێکی زۆر دژوار دەبێت بۆ حکومەتی هەرێم، لەبەرئەوەی تەرخانکراوی دارایی زۆری پێویست دەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر حکومەتی هەرێم کار بە یاساکە بکات لەو رێکەوتەی خۆی دایدەنێت ئەوا لەم بارەدا بەبڕوای ئێمە ماف بۆ ئەوانە دروست دەبێت شایستەی ماف و ئیمتیازاتەکانی یاساکە دەبن لە 23/11/2022 بۆ ئەوەی بە داوای قەرەبوو بگەرێنەوە سەر حکومەتی هەرێم .

دووەم: هەواڵەکردنی سێ تەمەن بۆ خانەنشینیی 

بەگوێرەی ئەحکامی ماددەی (10) لە یاسای خانەنشینیی ژمارە (9)ی ساڵی 2014 ی هەموارکراو، تەمەنی یاسایی خانەنشینیی کەمکراوەتەوە بۆ تەواوکردنی تەمەنی (60) شەست ساڵی، بەم پێیەش دەبێت حکومەتی هەرێم لە کاتی پیادەکردنی یاساکە، ئەو سێ تەمەنە هەواڵەی خانەنشینیی بکات دەکەونە دوای تەواوکردنی تەمەنی شەست ساڵی، هەرچەندە ئەمە لەلایەک ئەرکێکی دارایی لەسەر بوجەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم کەم دەکاتەوە بەڵام لە هەمانکاتدا کۆمەلێک توانا و لێهاتوویی وەزیفی لە بواری وەزیفەی گشتی دەچنە دەرەوە، بێگومان ئەم هەنگاوەش ئەگەر لەسەر ئاستی عێراق بەو هەموو توانا و لێهاتووەی هەیەتی کاریگەری نەرێنی دروست کردبێت، ئەوا بێگومان لەسەر ئاستی هەرێم کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت چونکە لە هەرێم هەر لە بنەڕەتەوە ئەم بابەتە کێشە بووە .

سێیەم: کێشەی سندوقی خانەنشینیی 

لەپاش جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27) ساڵی 2006 ، حکومەتی هەرێم هەنگاوی کرداریی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی برگەکانی یاساکە هەڵنەگرت و لە نێویشیاندا دامەزراندنی سندوقی خانەنشینیی کە راگیراوەکانی خانەنشینیی لە مووچەی فەرمانبەران و پشکی حکومەت لە دانی راگیراوەکانی خانەنشینیی و داهاتەکانی دیکەی سندوقەکە لە خۆ دەگرێت، ئەمەش بووبەهۆی ئەوەی مووچەی خانەنشیینانی هەرێم بەپێچەوانەی حوکمەکانی یاسای خانەنشینیی لەبوجەی گشتی و وەک مووچەی فەرمانبەران بدرێت و لەم بوارەدا شتێک نەبێت بە ناوی سندوقی خانەنشینیی ، لە کاتێکدا لە عێراق ئەم سندوقە زۆر بە گرنگیەوە مامەڵەی لەگەڵکراوە و سەرمایەیەکی زۆر باشی هەیە و وەبەرهێنان بەسەرمایەکەیەوە دەکرێت، بۆیە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 21014 گرفتی چارەنووسی ئەم سندوقە بۆ هەرێم دروست دەکات، لەدوو روانگەوە:

1. لە بنەڕەتدا لە هەرێمدا سندوق بوونی نییە و بەم جۆرەش چارەنووسی راگیراوەکانی خانەنشینیی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا نادیارە لە باری گواستنەوەی مووچەی خانەنشینکراوانی هەرێم بۆ سەر سندوقی خانەنشینیی عێراق گرفتی جدی دروست دەکات.

2. لەڕوی یاساییەوە دامەزراندنی سندوق بەشێوەی سەربەخۆ لە هەرێم لەبەر رۆشنایی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 گریمانەکراو نییە، چونکە لە ماددەی (7/سێیەم) ی یاساکەدا رێگەی داوە بەکردنەوەی لقی سندوقەکە لە بەغداد و ئەو پارێزگایانەی رێکنەخراون لە هەرێمێکدا و بەم جۆرەش ئەم دەقە رێگری یاساییە بۆ ئەوەی لقی سندوقەکە لە هەرێم بکرێتەوە و دەبێت هەرێم سندوقی نەبێت و لێبڕینەکانی خانەنشینیی بچنە سندوقی خانەنشینیی سەرەکی لە عێراق، لەرووی کرداریشەوە لە باری ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق کاتێک تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات راستەوخۆ راگیراوەکانی خانەنشنینی دەبڕێت و دەیخاتە سندوقی خانەنشینیی عێراقەوە .

چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی مافی خانەنشیی دەدەن (مووچە و پاداشت) 

لە هەرێمی کوردستان جگە لە یاسای چاکسازی ، ژمارەیەک لە چین و توێژەکان یاسای خانەنشینیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە کاتی پیادەکردنی حوکمەکانی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 رێگەپێدراو نییە ئەو یاسایانە کاریان پێ بکرێت و دەبێت هەموو لایەک ملکەچ بن بۆ حوکمەکانی یاساکە، چونکە یاسادانەر لە ماددەی (38/یەکەم) هەموو ئەو فەرمان و دەقە تەشریعیانەی هەڵوەشاندۆتەوە لە دەرەوەی یاساکە مافی خانەنشینیی (مووچە یان پاداشت) دەدەن و رێگەپێدراونیە کاریان پێ بکرێت، بێگومان لەم بارەشدا دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ حوکمەکانی ئەم ماددەیە بگونجێنێت، ئەمەش بەبروای ئێمە لە هەرێمی کوردستان کارێکی تاڕادەیەک قورس و دژوار دەبێت، بەتایبەت حوکمەکانی ماددەی (7)ی یاسای چاکسازی کە مووچەی خانەنیشنی پلەباڵاکانی لە هەرێمدا رێکخستووە گرفتی بۆ دروست دەبێت و دەبێت وەک عێراق مامەلەیان لەگەڵ بکرێت .

پێنجەم: ئەژمارکردنی هەندێک خزمەت

لەهەرێمی کوردستان هەندێک راژە بۆ مەبەستی خانەنشینیی ئەژمارکراوە بەپێچەوانەی تەنانەت یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 وەک ئەژمارکردنی ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ مەبەستی خانەنشینیی ، لەبەر ئەوەی لە هەردوو یاسای خانەنشینیی ندا ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ مەبەستی خانەنشینیی ئەژمار ناکرێت، بۆیە لەم بارەدا دەبێت حکومەتی هەرێم جێبەجێکردنی بریاری ئەژمارکردنی ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ مەبەستی خانەنشینیی رابگرێت و چارەسەری یاسایی بۆ ئەوانەش دابنرێت ماوەکەیان بۆ خزمەتی خانەنشینیی بۆ ئەژمارکراوە چونکە پێچەوانەی دەقی راشکاوانەی یاسا بووە . 

شەشەم: دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی و ئەنجومەنی وردبینی کێشەکانی خانەنشینیی 

بەپێی یاساکە، یەک دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی (هیئة التقاعد الوطنیة) دەبێت بۆ بریاردان لە مافەکانی خانەنشینیی و وردبینی دۆسیەی خانەنشینان کە ئەویش لە بەغدادە و بڕیارەکانی ئەم دەستەیەش لەبەردەم یەک ئەنجومەن تانەی لێ دەدرێت ئەویش بریتییە لە ئەنجومەنی وردبینی کیشەکانی خانەنشینان (مجلس تدقیق قضایا المتقاعدین) کە ئەویش لە بەغدادەو بڕیاری ئەم ئەنجومەنەش لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی تانەی پێداچوونەوەی لەسەر پێشکەش دەکرێت کە ئەمەی دوایش هەر لە بەغدادە، بۆیە هەبوونی ئەم دەستە و ئەنجومەنە لە هەرێم بەسەربەخۆ کارێکی ئەستەمە و لە یاساکەدا نەهاتووە و لەم بوارەدا ناوەندێتی بۆ بەغداد دروست دەبێتەوە و لەم بارەدا هەرێم رۆڵێکی ئەوتۆی نامێنێ.

 ئەوانەی لای سەرەوە بەشێک بون لەو گرفت و ئاریشانەی بەبڕوای ئێمە لەبەرەنجامی جێبەجێکردنی یاساکەوە لە هەرێم دەکەوێتەوە ، و رەنگە گرفت و ئاریشەی دیکەش هەبن لێرەدا نەتوانین بە وردی باس لە هەموییان بکەین 

 بەشێک لە لایەنە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 

 بەبڕوای ئێمە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 پوختە و ترۆپکی هەموو ئەوەیە یاسادانەری عێراقی لە ماوەی کەمتر لە سەد ساڵی تەمەنیدا پێی گەیشتووە لەم بوارەدا، بۆیە چاوەرێ دەکرێت لەم یاسایەدا لایەنە ئەرێنییەکانی بەراورد بە یاساکانی پێش خۆی زۆر زیاتر بێت، لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێک لەو لایەنانە دەدەین :

یەکەم: ئەم یاسایە لانیکەمی مووچەی خانەنشینیی لە (220.00) دوو سەد و بیست هەزار دینارەوە کە لە یاسای خانەنیشنی هەڵوەشاوەی ژمارە (27)ی ساڵی 2006 دا هاتبوو بەرزکردەوە بۆ (500.000) پێنج سەد هەزار دینار بە دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی باشکردنی بژێوییەوە ، تەنانەت یاسادانەر تەنها بەم زیادکردنەشەوە نەوەستاوە و لە ماددەی (36)ی یاساکەدا دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران مووچەی خانەنشینان زیاد بکات هەر کات رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە زیادی کرد بەو مەرجەی زیادکردنی مووچەکە زیاتر نەبێت لە زیادکردنی هەڵاوسانەکە ن بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەبریاری ژمارە (23599 لە 24/10/2023) بڕیاریدا بەزیادکردنی بڕی (100.000) هەزار دینار مانگانە بۆ سەرمووچەی ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان کەمترە لە یەک ملیۆن دینار و بەم جۆرەش لای خوارووی مووچەی خانەنشینیی لە عێراق بەرزبوەتەوە بۆ (600.000) شەسەت هەزار دینار . 

دووەم: ئەم یاسایە جیاواز لە یاساکانی پێش خۆی دەقی لەسەر خەرجکردنی پاداشتی کۆتایی راژە داوە وەک مافێکی خانەنشینیی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی زیاتر لە (25) بیست و پێنج ساڵە راژەی خانەنشینیی ان هەیە ، پاداشتەکەش لەسەر بنەمای کۆی دواهەمین مووچە و دەرماڵە ئەژمار دەکرێت و لێکدانی 12 دەکرێت، ئەمەش بەپێی ماددەی (21/نۆیەم/أ) لە یاساکە، بەو مانایەی ئەگەرهاتوو فەرمانبەرێک کۆی دواهەمین مووچە و دەرماڵەی بریتی بێت لە (2.000.000) دوو ملیۆن دینار، ئەوا لەم بارەدا پاداشتی کۆتایی راژەکەی بریتی دەبێت لە (24.000.000) بیست و چوار ملیۆن دینار ، جگە لەو پاداشتە، بەبڕوای ئێمە فەرمانبەرەکە شایستەی مووچەی مۆڵەتە کۆکراوەکانی دەبێت بە مەرجێک زیاتر نەبێت لە (180) سەد و هەشتا رۆژ ئەمەش وەک مافێکی وەزیفی کە لە زمانی باودا پێی دەگوترێت (ئیکرامیە). لەبەر ئەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو خەرجکردنی پاداشتی کۆتایی راژەی گرێنەداوە بە خەرجکردن یان نەکردنی مووچەی مۆلەتی کۆکراوە .

سێیەم: یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 چارەسەرێکی گونجاوی بۆ ئەو حاڵەتانە کردووە تیایدا فەرمانبەر شایستەی پاداشتی خانەنشینیی دەبێت ئەگەرهاتوو ماوەی راژەکەی کەمتر بوو لە (15) پازدە، چونکە ئەگەرهاتوو فەرمانبەر لە کاتی هەواڵەکرانی بۆ خانەنیشنی بەهۆی تەواوکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینیی ماوەی راژەی خانەنشینیی ەکەی کەمتر بوو لە (15) پازدە ساڵ ئەوا لەم بارەدا شایستەی پاداشتی خانەنشینیی دەبێت تەنها بۆ یەکجار بەپێی ئەو هاوکێشەیەی لە یاساکەدا هاتووە ، بەڵام لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 لە تەنیشتی ئەو پاداشتەدا، یاسادانەر مافی داوە بە خانەنشینبووەکە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکات تەنها بۆ یەکجار لەنێوان وەرگرتنی پاداشتەکە یان وەرگرتنی مووچەیەکی خانەنشینیی بڕاوە (مقطوع) بەم جۆرەی خوارەوە :

ئەگەر (10) ساڵ راژەی خانەنشینیی هەبوو 150.000 دیناری مانگانە پێدەدرێت 

ئەگەر (11) ساڵ راژەی خانەنشینیی هەبوو 200.000 دیناری مانگانە پێدەدرێت 

ئەگەر (12) ساڵ راژەی خانەنشینیی هەبوو 250.000 دیناری مانگانە پێدەدرێت 

ئەگەر (13) ساڵ راژەی خانەنشینیی هەبوو 300.000 دیناری مانگانە پێدەدرێت 

ئەگەر (14) ساڵ راژەی خانەنشینیی هەبوو 350.000 دیناری مانگانە پێدەدرێت 

 بەبروای ئێمە ئەمەش چارەسەرکردنێکی زۆر باش بووە بۆ ئەم حالەتە

چوارەم: یاسادانەر دەربارەی پەککەوتنی (عطل) فەرمانبەر بەهۆی پێکانی کار (أصابة العمل) لە کاتی وەزیفەکەی یان بەهۆی وەزیفەکەی هەندێک ماف و ئمیتیازای لەرووی مووچەی خانەنشینیی و پاداشتەوە دەستنیشانکردووە لە ماددەی (16) یاساکەدا کە پێشتر لە یاسای خانەنشینیی هەڵوەشاوەی ژمارە (27)ی ساڵی 2006 نەبوە، کە لێرەدا بواری ئەوە نییە بە وردی باس لەو ماف و ئیمتیاز و پاداشتە بکەین.

پێنجەم: یاسادانەر لە ماددەی (13)ی یاساکەدا سنووری جێبەجێکردنی حوکمەکانی ماددەکەی زۆر فراوان کردووە بۆ ئەوانەی ماددەکە دەیان گرێتەوە ، ئەم ماددەیە تایبەتە بە خانەنشینکردنی ئەو فەرمانبەرەی عەزلکراوە یان فەسلکراوە لە وەزیفە یان وەزیفەکەی بەحێهێشتووە یان دەستیلەکارکیشاوەتەوە جا چ بەشێوەیی راشکاوانە (صریح) بێت یان بە شێوەی حوکمیی، هەروەها ئەو فەرمانبەرەی بێنیازی دەکرێت لە راژەکەی ( استغناء عن الخدمة) و ئەو فەرمانبەرەی دەردەکرێت (اقصاء)، هەروەها ئەو فەرمانبەرە کاتییەی گرێبەستەکەی هەڵوەشاوەتەوە (مفسوخ العقد) لە کاتێکدا پێشتر لە ماددەی (1/پێنجەم) یاسای خانەشنینی هەڵوەشاوەی ژمارە (27)ی ساڵی 2006 ژمارەیەکی کەمتر لەو فەرمانبەرانەی دەگرتەوە . 

شەشەم: یاساکە لەبواری داوای خۆخانەشنینکردن جیاواز لەیاسا هەڵوەشاوەکە ، مافی داواکاری بۆ خۆخانەنشینکردن داوە بەو خانمە فەرمانبەرەی تەلاقدراوە یان هاوسەرەکەی وەفاتیکردووە یان هاوسەردارە و خاوەنی لانیکەمی سێ مناڵە دایەنی مناڵەکانی دەکات بەو مەرجەی تەمەنی مناڵەکانی لە (15) پازدە سال زیاتر نەبێت و ژمارەیان لە (3) مناڵ کەمتر نەبێت و خۆی یەکلابکاتەوە بۆ بەخێوکردنی مناڵەکانی .

حەوتەم: لەم یاسایەدا یاسادانەر دوو جۆرە دەرماڵەی بڕیار لێداوە بۆ خانەنشین بوو کە یاسا هەڵوەشاوەکە هیچ دەقێکی لەم بارەیەوە نەهێنابوو، ئەوانیش بریتین لە دەرماڵەی باشکردنی بژێوی (مخصصان تحسین المعیشة) و دەرماڵەی بڕوانامە (مخصصات الشهادة) بەهۆی خەرجکردنی ئەم دوو جۆرە دەرماڵەیەوە بەپێی یاساکە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر سوودمەند دەبن و مووچەکانیان سەدان هەزار دینار زیاد دەکات .

هەشتەم: لەم یاسایەدا یاسادانەر بەراشکاوانە بابەتی خزمەتی خانەنشینیی لەکەرتی تایبەت و گواستنەوەی ئەو خزمەتەی بۆ سەر خزمەتی خانەنشینیی لە کەرتی گشتی و بەپێچەوانەشەوە رێکخستووە بەم جۆرەش ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لا لێی سوودمەند دەبن. 

نۆیەم: ئەم یاسایە کۆتایی هێناوە بەهەموو ئەو یاسایانەی مووچە و پاداشتی خانەنشینیی دەدەن لە دەرەوەی حوکمەکانی ئەم یاسایە، بەم جۆرەش هەوڵدراوە لەیاساکەدا هەموو ئەو یاسایانەی بواری مووچەی خانەنشینیی رێێکدەخەن هەڵبوەشێنەوە و لەم یاسایەدا کۆبکرێنەوە .

دەیەم: لەم یاسایەدا، هەوڵدراوە جیاوازی نێوان مووچە باڵاکان و مووچە نزمەکان کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لەم بوارەدا جۆرێک لە دادپەورەری بەدی بهێنرێت .

 ئەمانەو چەندین لایەنی ئەرێنی لەم یاسایەدا بوونی هەیە بە تایبەت کاتێک بە وردی حوکمەکانی وەک خۆی جێبەجێدەکرێت، هیوادارین لەسایەی ئەم یاسایەدا خانەنشینانی هەرێمی کوردستان قەرەبووی بەشێک لەو مافانەیان بۆ بکرێتەوە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لێی بێبەش بوون.