پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە عێراق
پڕۆژە یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە عێراق
شیکارێکی یاسایی-دەستوری بەراوردکاریی
پێشەکی/
یەکێک لە بنەماو کۆڵەکەی هەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی، بوونی دامەزراوەی سەربازییە، کەخۆی لە سوپایەکی دامەزراوەیی پڕ لە چەک و دیسپلین دا دەبینێتەوە .
لەم باسەدا تیشک ئەخەمە سەر کۆمەڵێک بنەمای دەستوری و یاسایی بۆ ئەم پڕۆژەیەو پاشان ئەگەری جێبەجێکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان .
یەکەم : بنەمای یاسایی بۆ خزمەتی سەربازی لە عێراق :-
١. بنەمای مێژوویی
یاسای قانون الخدمة العسکریة رقم ٦٥ لسنة ١٩٦٩ بنەمای سەرەکی بوو بۆ ڕێکخستنی خزمەتی سەبازی پێش ساڵی ٢٠٠٣ . و بەم یاسایە دەسەڵاتی بەعسی لەناوچوو، چەندین جینۆسایدو پەلاماری ناوخۆیی دەرەکی ئەنجام داو، سەرەنجام سوپاکەی بەهۆی ڕووخانی ڕژێمەوە لەبەریەک هەڵوەشا .
گرنگترین ماددەکان :
* سەپاندنی خزمەتی زۆرە ملێ بۆ پیاوان
* ڕێکخستن و داڕشتنی
* خزمەتی ڕاستەوخۆ
* خزمەتی یەدەک ( احتیاط )
* دیاریکردنی تەمەن و سزا
ئەم یاسایە لە ڕووی شێوازەوە هێشتا هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت .
٢. بنەمای دەستووریی دوای ٢٠٠٥
دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕوونی ناوی “خزمەتی سەربازی زۆرەملێ” ی نەهێناوە، بەڵام چەندبنەمایەکی ناڕاستەوخۆ بەدی ئەکرێن لە کاتی خوێندنەوەی مادەکانی ئەم دەستورە ،وەک دواتر باسی دەکەین .
ماددە پەیوەندیدارەکان ،کە لە دەستوری عێراقی نوێ دا هاتوون زیاتر لە تێگەیشتنە ناڕاستەوخۆکانەوە دەتوانین خوێندنەوەیان بۆ بکەین ،وەک بنەمایەک بۆ یاسای خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ ،ئەوانیش بریتین لە:ـ
* ئەركی پاراستنی وڵات.
* دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان.
گەر بە وردی شیکارییەکی دروست بۆ ئەم دۆخە بکەین ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم یاسایە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و دەکرێت ببێتە یاسایەکی مۆدێرن ،بەتایبەت ئێستا سوپای عێراق ،سوپایەکی تەواو سەربەخۆ نییەو بەهۆی پێکهاتەی تایەفی و رەگوڕیشە مێژووییەکانیەوە ،خەسڵەتی سوپای نیشتیمانی لە دەست داوە و چەندپێکهاتەی تری لەگەڵ دایەکە سەنتراڵ(مەرکەزیەتی) لە سوپادا لاواز کردووە .
یاساکە دەبێت ماف و ئازادییەکان کە دەستوری عێراقی دانی پێداناوەو پاراستوویەتی ،لەبەر چاو بگرێت .
دووەم: دەستورییەتی سەپاندنی خزمەتی زۆرەملێ :-
وەک لە بڕگەی پێشووتر باسم کرد ئەم یاسایە نابێت ناکۆک بێت لەگەڵ بنەما دەستوریەکان و دەبێت ئازادیی و مافە کەسییەکان بپارێزێت و بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە دەستورییە،دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەم یاسایەوە دەتوانرێت ئەم ئازادییانە سنوردار بکرێت لە چوارچێوەیەکی تەسکی یاساییدا بەو مەرجانەی کە:-
* یاسایەکی ڕوون بێت،دوور لە تەمومژو هەڵگرتنی شرۆڤەی جیاواز.
* بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت ،چونکە تاکە چارەسەر بۆ یاساکە و چارەسەرکردنی کێشە دەستورییەکە بەڵگەی بەرژەوەندی گشتیە ،کە لەسەرووی بەرژەوەندی تاکەکانەوەیە.
* بەم شێوازە ئەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تاکەکان بپارێزێت.
* یاساکە یەکسانیی بپارێزێت و جیاوازی چینایەتی نەکات ،لەگەڵ پاراستنی مافی هەندێ لە خاوەن بروانامەو پیشە .
چەند سەرە قەڵەمێک لە بارەی ڕەشنووسی پرۆژە یاساکە :-
خزمەت: لە تەمەنی (١٩) ساڵییەوە دەستپێدەکات
ماوەی خزمەتکردن بەپێی بڕوانامەکان بەم شێوەیەی لای خوارەوە دەبێت:-
ئەو کەسەی نەیخوێندووە: (١٨) مانگ .
بڕوانامەی ئامادەیی: (١٢) مانگ .
بڕوانامەی پەیمانگە: (٩) مانگ .
بڕوانامەی ماستەر: (٦) مانگ.
بڕوانامەی دکتۆرا: (٣) مانگ .
پڕۆژە یاساکە لە ڕووی بەخشین لە خزمەتی سەربازی ئەوانەی لە ڕوویتەندروستییەوە شیاو نیین، دەبەخشێت .
ئەو سزایانەی وەک کۆت دانراون و لە پڕۆژە یاساکەدا هاتوون:-
دوای تەمەنی (١٩) ساڵی، هیچ دامەزراندن و کارکردنێک ڕێگەی پێنادرێتمەگەر دوای تەواوکردنی خزمەت، دواخستنی، یان بەخشین لێی
ڕاگرتنی فەرمانبەر لە کارەکەی ئەگەر پەیوەندی بە خزمەتی سەربازییەوەنەکات .
قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ تەمەنی (١٩ تا ٤٥ ساڵ) بەبێ کۆتاییهێنان بەخزمەتی سەربازی .
مووچەی سەربازیی :-
مووچەی سەربازی زۆرەملێ = هەمان مووچەی سەربازی خۆبەخشەبەپێی پلەکەی .
پێبژاردن(غرمة) (٢٥٠ هەزار تا ١ ملیۆن دینار) بۆ ئامادەنەبوون لەپشکنینی پزیشکی .
زیندانیکردن تا یەک ساڵ بۆ ئەو کەسەی ئامادە نابێت پەیوەندی بەخزمەتەکەیەوە بکات .
زیندانیکردن بۆ ماوەی (٣) ساڵ و پێبژاردن تا (٢) ملیۆن دینار بۆ ئەوکەسەی تەمەنی لە (٤٥) ساڵ تێپەڕیبێت و خزمەتی نەکردبێت .
لە کاتی شەڕ یان باری نائاساییدا، دەکرێت تەواو بوونی ماوەی خزمەت بۆماوەی ساڵێک دوابخرێت (درێژ بکرێتەوە).
لە سەر زەمینی جێبەجێکردن ،بە گشتی دەولەتانی دونیا سێ مۆدێلی خزمەتی سەربازیان هەیە:-
١ - خزمەتی زۆرەملێی توند وەک لە رژێمی عێراقی سەروبەندی جەنگی ئێران پەیڕەو دەکرا و هیچ کەسێک بەدەر نەبوو لەو زۆرەملێیە ،وە سوپای سەرکوتکەری عێراق خەسڵەتی نیشتیمانی لە دەست دابوو وە بووبووە ئامێرێک بەدەست ڕژێمی بەعسەوە بۆ سەرکوتکردن و کوشتن و ڕاگواستنی دانیشتووان بە تایبەت کورد و شیعە و هەروەها پەلاماردانی دەوڵەتانی دراوسێ .
٢ - مۆدێلی نەرم ،لێرەدا سەبازیی زۆرە ملێیە بەلام ماوەکەی کەمە ،یاخود لە بری لێخۆش بوون لە خزمەتەکە بڕێک پارەی گونجاو وەردەگیرێت ،یا کەسەکە رەوانەی خزمەتێکی مەدەنی دەکرێت تا تەواو بوونی ماوەکەی
٣ - خۆبەخشی ئارەزوومەندانە ،ئەمەش بۆ ئەو سوپایانە دەبێت ،کە پێشکەوتوون و لەبەرامبەردا مانگانەیەکی باش دەدرێتە خۆبەخشەکان و ماوەکەی بەپێی یاسا یا گرێبەست دیاری دەکرێت
دیارە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگمان بۆ دروست ئەبێت ،لە ئەگەری بە یاسابوونی پرۆژەکە :-
ئایا هێزی پێشمەرگە لەم یاسا نوێیەدا جێگەو پێگەو ماف و ئەرکەکانی چی دەبن ؟
ئایا ئەم یاسایە کام لەو مۆدێلانە پەیرەو دەکات و کامیان گونجاون بۆ ئێستای عیراق ؟