داواکەی مەسرور بارزانی و چەن سەرنجێک
5/7/2024 1:14:33 PMپێشەکی جێگەی خۆیەتی بەبیری خەڵکی کوردستان بێنینەوە کە چەندین مانگە سەرۆکی ( پ.د.ک) و مسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان، دەیان تانەی ناڕەوایان ئاراستەی شرعیەت و دەستوریەتی دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی کرد .
هاوکات تۆمەتی ناڕەوایان دەدایە پاڵ ( ی.ن.ک) بەوەی دەستی هەبووە لە ئاڕاستەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا و بە ووشە و تۆمەتی دیزاینی پێشوەختەی هەڵبژاردن، خەڵکی کوردستانیان چەواشەکرد، و ڕاستگۆنەبوون لە گەیاندنی حقیقەت بە خەڵکی کوردستان و دەنگدەرەکانی خۆیان.
لە ئێستادا کە مسرور بارزانی بیریکەتووەتەوە کە قسەی کۆتایی بۆ دادگای فیدراڵیە و بڕیارەکانی بنبڕە ، بۆیە دەیەوێ بە داوایەکی نایاسایی و نادەستوری گرفت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست بکات.
داواکەی مەسرور بارزانی دەبێت رەد بکرێتەوە و هەرواش لە دادگای فیدراڵی پێشبینی دەکەین، لەبەر ئەم هۆکارەیاساییانە، لەوانە :
مەسرور بارزانی تانەی داوە لە مادەی ٢ ی لە پەیڕەوەی ژمارە ٧ ی ٢٠٢٤ ی کۆمسیۆن کە تایبەتە بە بازنەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسیەکان، وە لەگەڵ ئەمەدا داوای ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆن دەکات لە ڕێگەی ئەمری ولائییەوە .
ئەمری ولائی ڕێوشوێنێکی کاتییە و کاتێک دادگا پەنای بۆ دەبات کە بۆ داوا بنەڕەتییەکە بەڵگەی یاسایی پێویست بخرێتە ڕوو بۆ سەلماندن.
داواکەی مسرور بارزانی بۆ دەرکردنی ئەمری ولائیی بۆ ڕاگرتنی رێوشوێنەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن، نەک هەر پاساوی یاسایی نیە، بەڵکو پێچەوانەی هەڵوێستی دادگای فیدراڵییە.
دادگای فیدراڵی لە بڕیاری تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێش ئەوەی بڕیار بدات بە گۆڕینی بازنەکانی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی کورسییەکان، بانگێشتی نوێنەری یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کرد، وەک کەسی سێیەم داوا و چەن پرسیارێکی ئاراستە کرد، لەوانە ئایا کۆمسیۆن دەتوانێ سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات؟، وە ئایا ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە گۆڕینی بازنەکانی هەڵبژاردن، کۆمسیۆن دەتوانێ ڕێوشوێنی گونجاو دابنێت بۆ هەڵبژاردن، وە بازنەکان بۆ چەند بازنە دابەش دەکات؟
نوێنەری یاسایی کۆمسیۆن وەڵامی دادگای دایەوە بەوەی بەڵێ دەتوانین سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکەین و بازنەکان بۆ سێ بازنە دابەشدەکەین، لێرەدا دادگا داوای کرد بازنەکان بۆ چوار بازنە دابەشبکات پشت بەست بەمادەی ٩ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، و لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان کورسیەکان دابەشبکات ،
دوای ڕوونکردنەوەی نوێنەری یاسایی کۆمسیۆن، دەقی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرچوو کە هەمواری مادەی ٩ ی یاساکەی هەڵوەشانەوە و بەمەش گەڕایەوە سەر ئەسڵی مادەی ٩ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش هەموارکردن، بەمەش بازنەکانی هەڵبژاردن بوو بە چوار بازنە، و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کەم کردەوە بۆ ١٠٠ کورسی.
پشت بەست بەوەی باس کرا، سەرجەم ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆن پاڵپشتە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بەڵکو جێبەجێکردنی ناوەرۆکی بڕیارەکەیە.
کەواتە داواکەی مەسرور بارزانی نایاسایی و نادەستورییەوە و دەبێت ڕاستەوخۆ ڕەد بکرێتەوە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە چونکە ئەم داوایە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تانەدانە لە بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی و ئەمەش پێچەوانەی مادەی ٩٤ ی دەستوری عێراقە.
دکتۆر ڕێبوار محمد صالح
مامۆستای زانکۆ و یاساناس