یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، بڕیاریدا تانە لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆن بۆ هەڵپەساردنى رێکارەکانى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بدات
5/8/2024 3:07:35 PMیەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، بڕیاریدا تانە لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆن بۆ هەڵپەساردنى رێکارەکانى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بدات.
خاتوو تەلار لەتیف، لێپرسراوى ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیى راگەیاند، لەرێگەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەوە تانە لەبڕیاری ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەدەن، سەبارەت بەهەڵپەساردنى پرۆسەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئاماژەى بەوەشکرد، فەرمانەکە "ولائیەکەی" دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندارە بە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، نەوەک تەواوی پرۆسەکە.
رۆژی 7ـی ئایاری 2024، دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانێکی (ولائی) سالاری بۆ کارپێنەکردن بە ماددەی دوەم لە پەیڕەوێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەرکرد.
ئەو ماددەیەی جێبەجێکردنی ڕاگیراوە تایبەتە بەوەى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنەی دەنگدانانەدا دابەشدەبن، پارێزگای هەولێر 34 کورسی، پارێزگای سلێمانی 38 کورسی، پارێزگای دهۆک 25 کورسی و پارێزگای هەڵەبجە سێ کورسی.