ناوەندی کاروباری یاسایی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی دیدارێکی زانستیان رێکخست
5/21/2024 7:43:24 PM

لە درێژەی کارو چالاكییەکانی  ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەئامادەبونی خاتوو تەلار لەتیف ئەمڕۆ سێشەمە 21-5-2024، لەهۆتێل رامادا، دیدارێکی زانستی  بەناونیشانی (رەهەندی کارگێڕی، یاسایی و ئابووریی بڕیاری راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی وەزیفیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان)، بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پۆلەتەکنیکی سازدا، تێیدا لەچوارچێوەی سێ تەوەردا بەڕێزان (پ.د. کازم فەرەج ، د. ئومێد عەزیز، پ.ی.د. کامەران قادر)، پ.ی.د. جەلال عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری پانێڵ، تیشكیان خستەسەر پرسەکە لەسێ ڕەهەندی جیاوازەوە. 

دیدارەکە بەساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی بەکارنامەکەی کرد،  پرۆفیسۆر د.هێرش رەسوڵ موراد راگری کۆلێجی تەکنیکی و کارگێڕی لەزانکۆی پۆلەتەکنیکی وتەی هاوبەشی ناوەندی کاروباری یاسایی و زانکۆی پۆلەتەکنیکی پێشکەش کرد، بەڕێزیان بەناوی هەردوو رێکخەری دیدارەکەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و تیشکی خستەسەر لایەنی گرنگی هەنوکەیی بابەتی دیدارەکە.


پاشان پ.ی.د. جەلال عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری پانێڵ ، لە وتەیەكدا ، تیشكی خستەسەر بابەتەکانی دیدارە زانستیەکە.


دواتر قسەکەرانی دیدار، هەریەکە و لەچوارچێوەی تەوەرەکەی خۆیدا، پەیپەری خۆی پێشکەش کرد، بەمجۆرە:

تەوەری یەكەم: پ.د. کازم فەرەج / ڕه‌هه‌ندى كارگێڕیی

ڕونكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنیه‌كانى بڕیارى ڕاگرتنى پله‌به‌رزكردنه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشى ده‌وامكردنى فەرمانبەران له‌ فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌تدا و، كاریگه‌ریى له‌سه‌ر دواكه‌وتنى راییكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر رۆحى مه‌عنه‌ویى خودى فەرمانبەران و لاوازكردنى پاڵنه‌ر و حه‌زى كارمه‌ندان بۆ فه‌رمانگه‌ و ده‌وامى ڕۆژانه‌، پاشان باسكردن له‌ جێگرەوە به‌رده‌سته‌كانى ئه‌وكاته‌ى بڕیاره‌كه‌.


تەوەری دووەم: د. ئومێد عەزیز/  ڕه‌هه‌ندى یاسایی

تیشكیان خسته‌سه‌ر ڕووى یاسایی بڕیاره‌كه‌، ئایا له‌ كۆى ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ پرۆسه‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى وه‌زیفیی فەرمانبەران، ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بۆ ڕاگرتنى پله‌به‌رزكردنه‌وه‌، ئایا ڕاگرتنه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م فەرمانبەران له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ دروسته‌، ئایا له‌ دواى یاساى ڕاژه‌ى شارستانىی هیچ یاسایه‌كى تر بوونى هه‌بووه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى وه‌زیفیی فەرمانبەران.


تەوەری سێیەم: پ.ی.د. کامەران قادر/  ڕه‌هه‌ندى ئابووریی

گفتۆگۆكردن له‌سه‌ر كاریگه‌رىیه‌ ئابوورىیه‌كانى راگرتنى پرۆسه‌كه‌، كاریگه‌رىیه‌كانى له‌سه‌ر بازاڕى كار و پرۆسه‌ى خه‌رجكردن، بازاڕى كار و هه‌ڵاوسان له‌ كاتى چاره‌سه‌ركردنى ڕاگرتنه‌كه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى مافى پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فەرمانبەران، كه‌ له‌كاتى چاره‌سه‌ركردنیدا، ژماره‌یه‌كى زۆر  له‌ فەرمانبەرانی مەدەنی مافه‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.


دوای كۆتاییهاتنی تەوەرەكان، لە نێوان پێشكەشكاران و ئامادەبووانی تەوەرەكاندا، گفتوگۆی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی پەیپەرەکان كرا و وەڵامی پێویستی پرسیاری ئامادەبوان درایەوە.