ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تانە لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەدات
5/22/2024 3:12:57 PMناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی بوونی چەند بڕگەیەکی نایاسایی و بێبەشکردنی بازنەی هەڵەبجە لە کورسی کۆتای پێکهاتەکان، تانەی لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەدات و داوادەکات بازنەی هەڵەبجەش لە کورسی کۆتای پێکهاتەکان بێبەشنەکرێت. بەڕێز تەلار لەتیف لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی وتی:" بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان بڕگەی نایاسایی تێدایە و تانەمان لەبڕیارەکە داوە. " بەپێی بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، پێنج کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دیاریکراوە، کە دابەشکراون بەسەر هەر ٣ بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک-دا، بەڵام بازنەی هەڵەبجەی لێ بێبەشکراوە و داوا دەکەین ئەو بازنەیەش کورسی کۆتای بۆ دابنرێت"، لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتی وتی:" دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لەپەرلەمانی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی داکۆکی لەمافە رەواکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەمەش یەکێتی پشتیوانیان دەبێت". رۆژی ٢١-٥-٢٠٢٤ دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، بڕیاریدا ٥ کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان دیاریبکرێت، کە دابەشکراون بەسەر ٣ بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و بازنەی هەڵەبجەی لێ بێبەشکراوە، لەوچوارچێوەیەشدا یەکێتی لەدادگای فیدراڵی تانەی لە بڕیارەکە داوە و داوایکردووە کورسی کۆتا بۆ پارێزگای هەڵەبجەش دیاریبکرێت. بوونی کورسی پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان دەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال بووە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پەرلەمانی بەشوێنی داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان زانیوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیداوە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت.