حاڵەتەكانی كۆتاییهاتنی بریكارنامه لەیاسادا
5/27/2024 12:01:38 PM


 عه‌دنان مه‌لا ساڵح

یه‌كێك له‌و مامه‌ڵه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ هاووڵاتییان له‌ فه‌رمانگه‌ دادنووسییه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن مامه‌ڵه‌ی بریكارنامه‌یه‌، به ‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاساى شارستانى عێراقى ده‌بینین پێناسه‌ى بریكارنامه كراوه‌‌ به‌وه‌ى: (گرێبه‌ستێكه‌ كه‌ تیایدا كه‌سێك كه‌سێكى تر داده‌نات له‌ جێی خۆى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵسوكه‌وتێكى ڕه‌وا و دیار)(1).

 ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانیی هاووڵاتییانه‌ ئه‌وه‌یه‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر مێژووی په‌سه‌ندكردنی بریكارنامه‌كان، ‌له‌ هه‌ندێك فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگا كار به‌و بریكارنامانه‌ ناكه‌ن!، پرسیارمان لێده‌كه‌ن كه‌ ئایا بریكارنامه‌ كاتێك له‌ فه‌رمانگه‌ دادنووسییه‌كان ڕێك ده‌خرێت و ده‌بێته‌ قه‌واڵه‌یه‌كی فه‌رمی تاکو كه‌ی قابیلیه‌تی كار پێكردنه‌، یاخود ده‌پرسن ئه‌و حاڵه‌تانه‌ چین كه‌ ده‌بنه‌ هۆی كۆتایی هاتنی بریكارنامه‌؟.

له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو(2).

یاساى دادنووسان (قانون الكتاب العدول) ژماره‌(33) ی ساڵی (1998) په‌سه‌ندكردنى بریكارنامه‌ى به ‌یه‌كێك له‌ كار و ئه‌ركه‌كانى دادنووسان داناوه‌، به‌ڵام یاسادانەر له‌یاساكه‌دا ئەم بابەتەى ته‌نها به‌دوو وشه‌ى (په‌سه‌ندكردنى بریكارنامه‌) وه‌ك ئه‌ركێك له‌ ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادنووس كۆتایی پێهێناوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاماژه‌ به‌ دادكارییه‌كان و حاڵه‌ته‌كانی كۆتاییهاتنی‌ بريكارنامه‌ بكات(3).

بۆیه‌ بۆ زانينى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ده‌بێته‌ هۆی كۆتاییهاتنی ‌بریكارنامه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و دادكارییانه‌ی كه‌ له‌ ‌یاساى شارستانى عێراقى ژماره‌(40)ى ساڵى (1951) هاتووه‌.

سه‌ره‌تا گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ بریكانامه‌ بریتیه‌ له‌ له‌جیاتیكارى به ‌ڕێكکه‌وتن (نیابة‌ اتفاقیة) كه ‌سه‌رچاوه‌كه‌ى گرێبه‌سته‌ و بابه‌ت (محل)ى گرێبه‌سته‌كه‌ش هه‌ڵسوكه‌وته‌ یاساییه‌كه‌یه‌ یان (ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ كه‌ بریگرته‌ ده‌یدات به‌ بریكار)، جیا ده‌كرێته‌وه‌ له‌ له‌ جیاتیكارى یاسایی (نیابة‌ القانونیة‌) كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى یاسایه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ یاساى چاودێریناكامه‌كان هاتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رپه‌رشت و هه‌ڵسوڕێنه‌ر و پێسپێردراو (ولی، قیم، وصی)هاتووه(4).

هه‌روه‌ها جیاده‌كرێته‌وه‌ له‌ له‌جیاتیكارى دادوه‌ری (نیابة قضائیة) كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى دادگایه‌، وه‌ك ئه‌و بڕیارانه‌ى كه‌ له‌ دادگاكان‌ بۆ دانانى هه‌ڵسوڕێنه‌ر ده‌رده‌كرێن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ حوكم دراون به‌ زیندانیكردنیان به‌پێى یاساى سزادانى عێراقى(5).

سه‌باره‌ت به‌و حاڵه‌تانه‌ى كه ‌ده‌بنه‌ هۆى كۆتاییهاتنى بریكارنامه له‌یاسادا چه‌ند حاڵه‌تێك دیاریكراوه‌ كه‌ بواری ته‌فسیر و ڕاجیایی زۆری نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاکو ساتى نوسينى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌ندێك فه‌رمانگه ‌و داموده‌زگاى حكومه‌تدا ڕۆژانه‌ هاووڵاتییان تووشى گرفت و ڕۆتین ده‌بنه‌وه‌، كاتێك بریكارنامه‌یه‌كی یاساییان پێیه ‌و له‌لایه‌ن هه‌ندێك له ‌فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ كارى پێ ناكه‌ن، به‌بێ بوونى بنه‌مایه‌كى یاسایى و به‌ بیانووى (كۆتاییهاتنى بریكارنامه‌ یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى بریكارنامه‌) كاروباره‌كانیان بۆ ئه‌نجام ناده‌ن، بۆیه‌ له‌ پێناو نه‌هێشتنى ڕۆتین و بۆ ئه‌وه‌ى هیچ فه‌رمانبه‌رێكیش به‌رپرسیارێتى یاسایى نه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌پێویستى ده‌زانین به‌ پێى یاسا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو كه‌ ده‌بنه‌ هۆى كۆتاییهاتنى بریكارنامه‌.

به‌ پێى مادده‌ى (201) له‌ یاساى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ ژماره‌(43)ى ساڵى (1971)ى هه‌مواركراو ئه‌گه‌ر بریكارنامه‌ بۆ ماڵى نه‌گوێزراوه‌ (الأموال غیر منقولة‌) بوو، وه‌ك (زه‌وى- خانوو- شوقه‌)، ئه‌وا تا ماوه‌ى (15) ساڵ كارى پێده‌كرێت كه ‌ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تى: (بریكارنامه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ دواى تێپه‌ڕبوونى 15 ساڵ به‌سه‌ر ڕێكخستنیدا كارى پێناكرێت)، چه‌مكى پێچه‌وانه‌ (مفهوم المخالفة‌)ى ئه‌م مادده‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت تا ماوه‌ى (15) ساڵ ده‌بێت ئیشى پێ بكرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بریكارنامه‌ بۆ ماڵى گوێزراوه ‌(الأموال منقولة‌) بوو (وه‌ك ئۆتۆمبێل یان بۆ ڕاكێشانى پاره‌و كڕینى كه‌لوپه‌ل و پێداویستى ناوماڵ و...هتد)، یان بۆ ڕاییكردن و جێبه‌جێكردنى كاروبارى بریگرته‌ بوو له‌ فه‌رمانگه‌ حكومى و ناحكومیه‌كاندا ئه‌وا به‌پێى یاساى بارى شارستانى ژماره‌ (40) ى ساڵى(1951) ئه‌و بریكارنامه‌ كۆتایى نایه‌ت هه‌تا یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ى له‌ مادده‌كانى(946 و947)ى یاساكه‌دا هاتووه‌ نه‌یه‌ته‌دى(6) كه‌ بریتین له‌:

1-ئه‌گه‌ر بریكار یاخود بریگرته‌ له‌ ژیاندا نه‌مێنێت واتا (یه‌كێكیان بمرێت).

2- ئه‌گه‌ر بریكار یاخود بریگرته‌ هۆشدارێتى له‌ ده‌ستدا (واتا به‌ له‌ده‌ستدانى عه‌قڵ و هۆشدارى یه‌كێكیان).

3- ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ ته‌واو بوو كه‌ بریكارنامه‌كه‌ى له‌ پێناودا بۆ ڕێكخراوه‌ واتا (به‌ته‌واوبوونى كاره‌كه‌).

4-ئه‌گه‌ر بریگرته‌ به‌فه‌رمى و له‌به‌رده‌م دادنووس بریكار له‌ بریكارنامه‌كه‌ لابدات، یان بریكار خۆى لاببات.

5- ئه‌گه‌ر بریكار له‌ بریكارنامه‌كه‌دا خۆى ماوه‌ (مدة‌)ى دانابوو له‌به‌رده‌م دادنووس، لێره‌دا به‌ته‌واوبوونى ئه‌و ماوه‌یه‌ى كه ‌له‌سه‌ر بریكارنامه‌كه‌ نوسراوه‌ بریكارنامه‌كه‌ كۆتایى دێت.

‌گه‌ر سه‌رنجى مادده‌ى (947/بڕگه‌ى یه‌كه‌م)ى یاساى شارستانى عێراقى بده‌ین ده‌بینین سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مافى داوه‌ به‌ بریگرته‌ به‌وه‌ى بریكار لابدات و مافیشى داوه‌ به‌بریكار كه‌ خۆى لابدات له‌ بریكارنامه‌كه).

له‌ به‌رامبه‌ر ده‌قى مادده ‌(947/بڕگه‌ى یه‌كه‌م) یاساى شارستانى عێراقى، له‌ مادده‌ى (199/بڕگه‌ى سێیه‌م)ى یاساى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌شدا به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌ق دراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ بریگرته‌ بۆى هه‌یه‌ بریكار لابدات و بریكاریش بۆى هه‌یه‌ خۆى لابدات له‌ بریكانامه‌كه‌، لابردنیش به‌شێوه‌ى ویستى تاك لایه‌نه‌ (الارادة منفردة) ده‌بێت له‌لایه‌ن بریگرته‌وه‌ به‌شێوه‌ى هۆشدارى و عزل (الإنذار والعزل) له‌ ڕێگه‌ى فه‌رمانگه‌ى دادنووسه‌وه‌ ئاراسته‌ى بریكار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى بریكار ئاگادار بكرێته‌وه‌ به‌هۆشدارى لابردنه‌كه‌.

له‌ ڕێكه‌وتى پێڕاگه‌یاندنه‌كه‌وه‌ بریكار هه‌ڵسوكه‌وتكردنى یاسایی به ‌ناوى بریگرته‌وه‌ لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت (پاڵپشت به‌ مادده‌ی947 بڕگه‌ی 2 له ‌یاسای شارستانی عێراقی)، واتا بریكار هه‌ر ته‌سه‌ڕوفیك بكات پشت به‌و بریكارنامه‌یه‌ به‌ پووچه‌ڵ داده‌نرێت. له‌ حاڵه‌تى لاچوون(تنحی) بریكاریش له‌ بریكارنامه‌كه‌ هه‌ر به‌هه‌مان شێوازه.‌

زۆرجار كارنه‌كردن به‌و بریكارنامانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك دام  وده‌زگا و فه‌رمانگه‌وه‌‌ یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پشتبه‌ستن به‌ زانیاریی هه‌ڵه‌ یان نه‌بوونی متمانه‌ له ‌نێوان هاووڵاتییان و فه‌رمانگه‌، هه‌ندێك جار داموده‌زگاكان لێمان ده‌پرسن ئێمه‌ چۆن بزانین ئه‌و بریكارنامه‌ كۆتایی پێنه‌هاتووه‌ یان چۆن بزانین بریكارده‌ر له ‌ژیاندا ماوه‌ یان نا؟.

سه‌باره‌ت به‌ حاڵه‌ته‌كانى (مردن و تێكچوونى عه‌قڵى و ئاوه‌ز و لێهاتوویی یاسایی بریگرته‌و لابردنى بریكار) له‌ كاتى وه‌رگرتنى وته‌ى بریكار له ‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانى فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بریكار له‌ پێناو ته‌واكردنى ئیشه‌كه‌ى خۆى به‌ نایاسایى ڕاستییە‌كەى ئاشكرا نه‌كرد و شاردیه‌وه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ش زانیارى به‌وانه‌ نه‌بوو، له‌م حاڵه‌ته‌دا گه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ كار به‌ بریكارنامه‌كه‌ ‌بكات به‌رپرسیار نابێت به‌رامبه‌ر به‌یاسا، به‌ڵكو بریكاره‌كه‌ لێى به‌رپرسیار ده‌بێت و ڕووبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌ى یاسایى ده‌بێته‌وه‌.

په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ له‌ مادده‌ى(202)ى یاساى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ى عێراقى ژماره‌(43)ى ساڵى(1973) ئه‌م ده‌قه‌ هاتووه ‌«گفتى بریكار وه‌رده‌گیرێت به‌وه‌ى كه‌ بریگرته‌ له‌ ژیاندا ماوه ‌و به‌ لێهاتووی ته‌واوەوه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌بریكارێتییه‌كه‌ى له ‌كاتى به‌جێهێنانى هه‌ڵسوكه‌وتى خانووبه‌ره ‌-العقاریه‌- به‌ناوى بریگرته‌).

له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و بریكارنامانه‌ى له‌لایه‌ن دادنووسه‌وه‌ ڕێكخراون به ‌قه‌واڵه‌ى فه‌رمى هه‌ژمار ئه‌كرێن و به‌پێى مادده‌ى (46)ى یاساى دادنووسان ژماره‌(33)ى ساڵى (1998) هێزى جێبه‌جێكردنیان هه‌یه ‌و پاڵپشت به‌ یاساى سه‌لماندنى عێراقى پێویسته‌ هه‌موو كه‌س پابه‌ند بێت پێوه‌ى ته‌نها له‌حاڵه‌تێكدا نه‌بێت كه‌ تانه‌ى لێدرابێت به‌ساخته‌كارى. ده‌قی مادده‌ى (22 بڕگه‌ی یه‌كه‌م) له‌ یاساى سه‌لماندنى عێراقى ژماره‌ (107)ى ساڵى (1979) به‌مشێوه‌یه‌ هاتوو‌ه‌:» قه‌واڵه‌‌ فه‌رمییه‌كان به‌ به‌ڵگه‌ داده‌نرێت بۆ هه‌موو كه‌س، ته‌نها مه‌گه‌ر تانه‌ی لێدرابێت به‌ساخته‌كاری به‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ یاسا بڕیاری لێداوه»، له‌ مادده‌ى(10)ى یاساى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ى عێراق ژماره‌(43)ی ساڵی(1971)دا هه‌مان بنه‌ما كارى پێده‌كرێت و ده‌قى داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ (تۆماره‌كانى خانووبه‌ره‌ و وێنه‌ ڕاستێنراوه‌كانى و قه‌واڵه‌كانى به‌ بنه‌ماى سه‌لماندنى مافى خاوه‌ندارێتى و مافه‌كانى ترى خانووبه‌ره‌ داده‌نرێت، به ‌به‌ڵگه‌ داده‌نرێت له‌سه‌ر هه‌موو كه‌س، ئه‌گه‌ر تانه‌ى لێنه‌درێت به‌ساخته‌كارى)، هه‌روه‌ها یاساى شارستانى ژماره(40)ی ساڵی (1959)‌ له‌ مادده‌ (454)دا ده‌قى له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما داوه‌و تێدا هاتووه‌(به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان، به‌به‌ڵگه‌ داده‌نرێت له‌سه‌ر هه‌موو كه‌س، ئه‌گه‌ر تانه‌یان لێنه‌درێت به‌ساخته‌كارى).

‌هه‌ركات داموده‌زگایه‌ك یان فه‌رمانگه‌یه‌ك گومانى هه‌بوو له‌ ناوه‌ڕۆكى بریكارنامه‌یه‌ك له‌ ڕووى (واژووى بریگرته‌ یان مۆرو واژووى دادنووس و فه‌رمانگه‌ى دادنووس و ژمێریارى یاخود به‌روار و ژماره‌ یاخود كڕاندن و كوژاندنه‌وه‌ى تێدا بوو یاخود به‌شێوه‌یه‌ك دڕابێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى له‌كه‌دار كردبێت و ڕوون نه‌بێت)، ئه‌وا ده‌توانن بریكار یان بریگرته‌ بنێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌رمانگه‌ دادنووسییه‌ى كه‌ بریكارنامه‌كه‌ى لێ ئه‌نجام دراوه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ ڕاستى و دروستى بریكارنامه‌كه‌و پێدانى وێنه‌یه‌كى ڕاستێنراو پێى.

ده‌كرێت له‌حاڵه‌تى بوونى گومانداو بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ى زیاتر به‌شى یاساى ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ى كه‌ بریكارنامه‌كه‌ى ڕووبه‌ڕوو كراوه‌ته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى په‌سه‌ندكردنى به‌ڵێننامه‌ى پێدراوه‌ به‌پێى مادده‌ى(9)ى یاساى دادنووسان هه‌ر لاى خۆیانه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى داواى ڕاستاندن(تصديق) بكه‌ن له‌و فه‌رمانگه‌یه‌ى كه‌ بریكارنامه‌كه‌ى لێ ده‌رچووه‌، به‌ڵێننامه‌یه‌ك به‌ بریكاره‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشنیار ده‌كه‌ین ئه‌و به‌ڵێننامه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابڕێژرێته‌وه‌:

 به‌ڵێننامه‌:

(من كه ‌ناوم له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌ و واژووم كردووه‌ بریكارى (..................)م به‌پێى بریكارنامه‌ى ژمار(....)له‌( / / 20)به‌ڵێن ئه‌ده‌م كه‌ بریگرته‌م له‌ ژیاندا ماوه ‌و له‌بریكارێتى لاى نه‌داوم و لانه‌چووم، هه‌روه‌ها به‌ڵێن ئه‌ده‌م كه‌ خاوه‌نى شیاوى ته‌واو (الاهلیه‌ الكامل)ـه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رپرسیارم و ئاماده‌ى هه‌موو لێپرسینه‌وه‌یه‌كى یاسایم).

پاشان ناونیشانى ته‌واوى كه‌سه‌كه‌ بنوسرێت و واژووى بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ واباشتره‌ بۆ سه‌قامگیرى له ‌مامه‌ڵه ‌و له‌ حاڵه‌تى زۆر پێویستدا نه‌بێت په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌وه‌رگرتنى به‌ڵێننامه ‌و كار به ‌بریكارنامه‌كه‌ بكرێت.

بۆیه‌ پێمان وایه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام ئه‌م هۆشیارییه‌ یاساییانه‌ سه‌باره‌ت به‌حاڵه‌ته‌كانى كۆتاییهاتنى بریكارنامه‌ به‌خه‌ڵك و فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكانى حكومه‌ت پێشكه‌ش بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنى یاسا و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى، تاوه‌كو به‌ ته‌واوى ئه‌و هۆشیارییه‌ یاساییه‌ له ‌هه‌موو شوێنێكدا بچه‌سپێت و جێبه‌جێ بكرێت، به‌ده‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌ى باسمان كرد هه‌ر فه‌رمانبه‌ر و داموده‌زگایه‌ك كار به‌بریكارنامه‌ نه‌كات ئه‌وا سه‌رپێچىی ده‌قه ‌یاساییه‌كان ده‌كات و ده‌كرێت به ‌پێى یاساى به‌رزه‌فتكردنى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت(7) و یاساى سزادانى عێراقى(8) داواى یاسایی له‌سه‌ر به‌رزبكرێته‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت.

په‌راوێزه‌كان:

(1) مادده‌ى(927) له‌یاساى شارستانى عێراقى ژماره‌(40)ى ساڵى 1951.

(2) بۆ زانيارى زياتر بڕوانه‌، كتێبی نووسه‌ری ئه‌م وتاره،‌ به‌ناونیشانی شرۆڤه‌ی یاسای دادنووسان ژماره‌(33) ساڵی (1998)ی به‌ركار له‌هه‌رێمی كوردستان، چاپی یه‌كه‌م، له‌ بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی یادگار، سلێمانی،ساڵی 2021،ل65-72.

(3) مادده‌ى(11/بڕگه‌ى دووه‌م)ى یاساى دادنووسان ژماره‌(33)ى ساڵى(1998).

(4) مادده‌كانى (27-39)ى یاساى چاودێرى ناكامه‌كان، ژماره‌ (78)ى ساڵى(1980).

(5) مادده‌كانى (97،98)ى یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌(111)ى ساڵى(1969).

(6) مادده‌ى(199/بڕگه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م)ى یاساى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ى عێراقى ژماره‌(43)ى ساڵى(1971)به ‌هه‌ندێك جیاوازییه‌وه‌ وه‌ك یاساى شارستانى عێراقى ده‌قى له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌داوه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆى كۆتایی هاتنى بریكارنامه‌.

(7) مادده‌ (4/بڕگه‌ى یه‌كه‌م و پێنجه‌م ودوازده‌یه‌م) ى یاساى به‌رزه‌فتكردنى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت ژماره‌(14)ى ساڵى (1991).

(8) مادده‌ (329)ى یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌(111)ى ساڵى(1969).