ته‌مەنی یاسایی خانەنشینی چییە و چۆن راژەی فەرمانبەر درێژدەکرێتەوە؟
5/28/2024 11:20:14 PMمافپەروەر: عەبدولقادر ساڵح عەبدول
وه‌ك رێسایه‌كی گشتی یاسادانه‌ر ته‌مه‌نێكی ده‌ستنیشان كردووه كه له‌و ته‌مه‌نه‌دا تاك ده‌توانێت سیفه‌تی فه‌رمانبه‌رێتی گشتی وه‌ربگرێت، سه‌ره‌تای ئه‌و ته‌مه‌نه به گوێره‌ی مادده‌ی (حه‌وته‌م/2) له یاسای راژەی شارستانی ژماره (24)ی ساڵی (1960) بریتییه له ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی (18) هه‌ژده ساڵی و كۆتاییه‌كه‌شی بریتییه له ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی یاسایی خانەنشینی کەبریتییە لە تەواوکردنی تەمەنی (63) شه‌ست و سێ ساڵی ئه‌مه‌ش به گوێره‌ی ئه‌حكامی مادده‌ی (یه‌كه‌م/دووه‌م/أ) له یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو ژماره (27)ی ساڵی (2006)، بەڵام لە عێراق بە گوێرەی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2014)ی هەموارکراو تەمەنی یاسایی خانەنشینی کەمکراوەتەوە بۆ (60) شەست ساڵی، هه‌ر بۆیه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه یاساییە، هیچ جۆره راژەیهك به خزمه‌تی وه‌زیفی ئه‌ژمار ناكرێت و یاسادانه‌ر به هه‌ند وه‌ری ناگرێت، چونكه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه، تاك سیفه‌تی فه‌رمانبه‌رێتی گشتی له ده‌ستده‌دات و ئه‌هلیه‌تی وه‌رگرتنی ئه‌و سیفه‌ته‌ی نامێنێت، جگه له‌م حاڵه‌تانه‌ی لای خواره‌وه:
یه‌كه‌م: بۆ حاله‌تی دامه‌زراندنی پەرستار، یاسادانه‌ر له مادده‌ی (حه‌وته‌م/2)ی یاسای راژەی شارستانی لای خوارووی ته‌مه‌نه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كردووه به (16) شانزه ساڵ كه به بڕوای ئێمه ئه‌و بهدهركردنه له‌م كاته‌دا جێبه‌جێكردنی نه‌ماوه و ئه‌و مه‌به‌سته ته‌شریعیه‌ی (الغرض التشریعى) له ده‌ستداوه كه له كاتی خۆیدا هه‌یبووه.
دووه‌م: بۆ حاله‌تی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی وه‌زیفی ئه‌مه‌ش به گوێره‌ی ئه‌حكامی مادده‌ی (یه‌كه‌م/ سێهه‌م) له یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو كه ده‌سه‌ڵاتی ته‌قدیری داوه به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیاری وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند یان سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌به‌ستراوه به وه‌زاره‌ت تا خزمه‌تی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ر درێژ بكاته‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك كه زیاتر نه‌بێت له (3) سێ ساڵ له كاتی ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی یاسایی خانه‌نشینی، ئه‌مه‌ش به ره‌چاوكردنی ده‌گمه‌نی پسپۆڕی و جۆری وه‌زیفه‌كه و پێداویستی فه‌رمانگه‌كه به خزمه‌ته‌كانی فه‌رمانبه‌ره‌كه.
سێهەم: هەر تەمەنێکی یاسایی دیکەی خانەنشینی کە یاسادانەر لە یاسایەکی تایبەتدا دەقی لەسەر هێنابێت وەک بەدەرکردن لەسەر رێسای گشتی تەمەنی یاسایی خانەنشینی کە لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا، وەک یاسای راژەی زانکۆیی ژمارە (23)ی ساڵی (2008)یان یاسای فەسڵکراوە سیاسیەکان ژمارە (24)ی ساڵی (2005) هەر یاسایەکی دیکە کە تەمەنێکی یاسایی خانەنشینی دەستنیشان کردبێت.
تەمەنی یاسایی خانەنشینی پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە و هەندێک پێیانوایە کە بریتییە لە واقیعەیەکی یاسایی کە بە هۆیەوە راژەی کارمەند کۆتایی دێت بە هێزی یاسا، یاخود بەو جۆرە پێناسە کراوە کە بریتییە لەو تەمەنەی رێگرە لە بەردەوام بوونی کارمەند لە درێژەدان بە وەزیفەکەی، کە ئەو تەمەنەش لەلایەن یاسادانەرەوە بە دەقی یاسا دەستنیشان دەکرێت.
هەندێکی دیکە بەم جۆرە پێناسەیان کردووە کە بریتییە لەو تەمەنەی بڕیاری لێدراوە لەلایەن یاسادانەرەوە کە هەرکات فەرمانبەر پێی گەیشت ئەوا پێویستە هەواڵەی خانەنشینی بکرێت، بە چاوپۆشی کردن لە ئاستی تەندروستی فەرمانبەرەکە و توانایی بۆ کارکردنی و ماوەی خزمەتەکەی.
لەبەرەنجامی ئەوەی لای سەرەوە دەتوانین بڵێین تەمەنی یاسایی خانەنشینی بریتییە لەو قۆناغە نوێیەی کە یاسادانەر دەستنیشانی کردووە و گەر هاتوو فەرمانبەر پێی گەیشت ئەهلیەتی مومارەسەکردنی وەزیفە لە دەست دەدات و بە حوکمی یاسا هەواڵە دەبێت بۆ خانەنشینی و مانەوەی لە پاش ئەو تەمەنە لە وەزیفە، ئیتر هەرچەند بێت بە راژەی یاسایی دانانرێت و بۆ هیچ مەبەستێک ئەژمار ناکرێت، هەروەک لە لایەن خۆیەوە ئەنجومەنی شورای دەوڵەت لە عێراق لە بڕیاری ژمارە (102/2010 لە 26/8/2010) دووپاتیکردۆتەوە.
چۆن تەمەنی یاسایی خانەنشینی دەستنیشان دەکرێت؟
بێگومان وەک روونمان کردەوە بابەتی تەمەنی یاسایی خانەنشینی بابەتێکی هەستیارە و یاسادانەر خۆی دەستی تێوەرداوە و رێکیخستووە و بواری نەداوە بەدەسەڵاتی جێبەجێکردن تا دەسەڵاتەکانی خۆی تێدا بەکاربهێنێت، جگە لەو دۆخانەی کە یاسادانەر لە چوار چێوەیەکی زۆر بەر تەسکدا و وەک بەدەرکردن (استثناء) رێگەی پێداوە، بەڵام بناغەی دیاریکردنی تەمەنەکە، ئەوا یاسادانەر بەدەقێکی مەحکەم هێناویەتی و رێگەی نەداوە دەستی بۆ ببرێت و هیچ بە دەرکردنێکی لەسەر نەهێناوە و تەنانەت رێگەی نەداوە بە بڕیاری دادگاش گۆڕانکاری تێدا بکرێت، لەسەر ئەم بنەمایەش یاسادانەر لە ماددەی (25)ی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی (2006)و هەروەها ماددەی (34/یەکەم) لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی (2014) بە یەک دەقی هاوشێوە و بەشێوەیەکی راشکاوانە بابەتەکەی رێکخستووە، لەبەر رۆشنایی دەقە هاوشێوەکەدا دەتوانین بڵێین کە یاسادانەر دوو بنەمای دەستنیشانکردووە بۆ دیاریکردن و جێگیرکردنی تەمەنی فەرمانبەر کە ئەوانیش بریتین لە:
1-بڕوانامەى لە دایکبوون (شهادة الولادة) یان ئەوەى دەرهێنراوى رەسمی لە تۆمارى لە دایکبوون کە دەبێتە بناغە بۆ ناسنامەى فەرمانبەرەکە.
2-ئەسڵ بریتییە لەو بەروارى لە دایکبوونەى کە لە بڕوانامەى لە دایکبووندا هاتووە، بەڵام گەر هاتوو لەبەر هەر هۆیەک وەک ئەوەى هەر لە بنەڕەتەوە بڕوانامەى لە دایکبوون دەرنەهێنرابوو یان تیاچوو بوو یاخود نەمابوو بە هەر هۆیەکى دیکە، ئەوا لایەنى تایبەتمەند لە دیاریکردنى تەمەنەکە بریتییە لە لیژنەى پزیشکى تایبەتمەند کە ئەمەش دواهەمین رێگەى دیاریکردنى تەمەنە و رێگە پێدراو نییە مشتومڕى لەبارەوە بکرێت.
درێژکردنەوەی تەمەنی وەزیفی فەرمانبەر
پێشتر باسمان لە دەستنیشانکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینی کرد، کە چۆن یاسادانەر بەگرنگییەوە ئەم بابەتەی رێکخستووە و رێگەی نەداوە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەسەڵاتی مەزندەکردنی خۆی تێدا بەکاربهێنێت، بەڵام لەسەر ئەو ئەسڵە، یاسادانەر لە ماددەی (1/سێیەم) یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی (2006) بهدهركردنێكی (استثناء) هێناوه له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی (63) به‌مه‌به‌ستی درێژكردنه‌وه‌ی (تمدید) راژەی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ر له‌م باره‌یه‌شه‌وه له مادده و بڕگه‌ی ئاماژە پێكراودا هاتووه: « بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه به پێشنیار كردن له‌لایه‌ن وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند یان سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌به‌ستراوه به وه‌زاره‌ت كه خزمه‌تی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ر درێژ بكاته‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك كه زیاتر نه‌بێت له (3) سێ ساڵ له كاتی ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی یاسایی هه‌واڵه‌كردنی بۆ خانه‌نشینی له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی ده‌گمه‌نی پسپۆڕی و جۆری وه‌زیفه‌كه و پێداویستی فه‌رمانگه‌كه به خزمه‌ته‌كانی فه‌رمانبه‌ره‌كه، لێره‌دا و له‌به‌ر رۆشنایی حوكمی بڕگه و مادده‌ی لای سه‌ره‌وه، چه‌ند خاڵێك ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: هه‌رچه‌ند لێره‌دا ده‌قه‌كه به ره‌ها وشه‌ی فه‌رمانبه‌ری به‌كارهێناوه و كۆت و به‌ندی نه‌كردووه به پله‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵام ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق داواكاری درێژكردنه‌وه‌ی راژەی وه‌زیفی كورت كردۆته‌وه له‌وانه‌ی كه له پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌و سهرەوهدان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ده‌سته‌كانی وانه‌بێژی له زانكۆكان و هه‌روه‌ها پزیشكه پسپۆڕەكان و ئه‌و كادیره گرنگانه‌ی كه هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی پسپۆرین.
دووه‌م: به‌گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌قی مادده و بڕگه‌ی ئاماژە پێكراو، پێویسته ئه‌وه‌ی كه داوای درێژكردنه‌وه‌ی راژەی وه‌زیفییه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌بێت سێ مه‌رجی سه‌ره‌كی له‌و فه‌رمانبه‌ره‌دا هه‌بێت به شێوه‌ی كۆكراوه‌یی، به‌و مانایه‌ی پێویستە ئه‌م سێ مه‌رجه پێكه‌وه له فه‌رمانبه‌ره‌كه‌دا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری درێژكردنه‌وه‌كه‌ی بۆ بدات:
1-ره‌چاوكردنی ده‌گمه‌نی پسپۆڕییه‌كه‌ی.
2-جۆری وه‌زیفه‌كه‌ی.
3-پێداویستی فه‌رمانگه‌كه به راژەی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی كه داوای درێژكردنه‌وه‌ی وه‌زیفه‌كه‌ی بۆ ده‌كرێت.
سێهه‌م: ده‌سه‌ڵاتی درێژ كردنه‌وه‌كه به‌شێوه‌ی جه‌وازی دراوه به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له تایبه‌تمه‌ندییه (حصر)ییه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه و پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری وه‌زیر یان سه‌رۆكی لایه‌نی نه‌به‌ستراوه به وه‌زاره‌ت بێت و هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ئه‌و مه‌رجانه بێت كه یاساكه ده‌قی لهسهرهێناوه، به‌و مه‌رجه‌ی كه ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌كه زیاتر نه‌بێت له (3) سێ ساڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی یاساكه ده‌قی له‌سه‌ر هێناوه و كۆت و به‌ندی كردووه، هه‌روه‌ك ده‌كرێت له حاڵه‌تی هه‌بوونی هه‌رسێ مهرجهكهشدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ند نه‌بێت له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌كه.
چواره‌م: ئه‌و سێ مه‌رجه‌ی یاسادانه‌ر هێناویه‌تی وه‌ك پاساوێك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی راژەی فه‌رمانبه‌ره‌كه، په‌یوه‌ندی به فەرمانگەی فهرمانبهرهكهوه هه‌یه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئاتاجی فەرمانگەكە پێویسته داواكارییه‌كه به‌رز بكرێته‌وه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری فه‌رمانبه‌ره‌كه بێت، چونكه ئه‌م به‌ده‌ركردنه‌ی كه یاسادانه‌ر هێناویه‌تی له بنهڕەتدا بۆ بهرژەوهندی فەرمانگە هاتووه نه‌ك فه‌رمانبه‌ره‌كه.
پێنجه‌م: ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی كه داوای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی راژەی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ره‌كه ده‌كات، پێویسته پێش ماوه‌یه‌كی گونجاو له ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی وه‌زیفی فه‌رمانبه‌ره‌كه (63 ساڵ) داواكاری درێژكردنه‌وه‌كه (طلب التمدید) به‌رز بكاته‌وه بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، كه وه‌زاره‌تی دارایی له نوسراوی ژماره (8373 له 91/2/2009) به (3) مانگ ده‌ستنیشانی كردووه، چونكه رێگه پێدراو نییه به پاساوی چاوه‌ڕێكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌ڵامی داواكاری درێژكردنه‌وه‌كه، فه‌رمانبه‌ره‌كه له پاش ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی (63) ساڵی به ساڵ و مانگ و رۆژ له وه‌زیفه‌دا بهێڵرێته‌وه، چونكه مانه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ر له‌م كاته‌دا، پێچه‌وانه‌ی یاسایه و فه‌رمانگه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی به‌رپرسیارێتی یاسایی ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ك نوسراوی ئاماژە پێكراوی لای سه‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق دووپاتی ئه‌وه‌ی كردۆته‌وه له حاڵه‌تی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كاتی خۆیدا به درێژكردنهكهوه، ئه‌وا له‌م كاته‌دا پێویسته فەرمانگەكە له‌گه‌ڵ ته‌واوی بوونی ته‌مه‌نی یاسایی فه‌رمانبه‌ره‌كه، ده‌ستبه‌جێ له كارترازانی بۆ بكات و له وه‌زیفه‌دا نه‌یهێڵێته‌وه، چونكه یاسادانه‌ر زاراوه‌ی درێژكردنه‌وه (تمدید)ی به‌كارهێناوه، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه پێویسته پێش كۆتایی هاتنی ته‌مه‌نی یاسایی فه‌رمانبه‌رێتی رهزامهندییهكه گه‌ڕابێته‌وه.
شه‌شه‌م: سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یەی بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كه درێژده‌كرێته‌وه كه ئایا وه‌ك راژەی خانه‌نشینی ئه‌ژمار ده‌كرێت بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كه یان ئه‌ژمار ناكرێت، ئه‌وا به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره (40/ 2008 له 11/3/2008) ئه‌و ماوه‌یه به راژەی خانه‌نشینی ئه‌ژمار ده‌كرێت و پێویسته راگیراوه‌كانی خانه‌نشینی له فه‌رمانبه‌ره‌كه ببڕدرێت و ماوه‌ی دریژكراوهكه دواتر ده‌چێته سه‌ر كۆی راژەی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ره‌كه و بۆی ئه‌ژمار ده‌كرێت.
بەڵام دەربارەی فەرمانبەری راژەی زانکۆیی، یاسادانەر لە ماددەی (12/یەکەم) لە یاسای راژەی زانکۆیی ژمارە (23)ی ساڵی (2008)، بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانی راژەی زانکۆیی کردووە لە رووی تەمەنی یاسایی خانەنشین بوون و درێژکردنەوەی راژەیانەوە، بە جۆرێک کە هه‌ڵگرانی نازناوی زانستی (مامۆستای یاریده‌ده‌ر) و (مامۆستا)، به ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی (66) ساڵی خانه‌نشین ده‌كرێن، لە کاتێکدا هه‌ڵگرانی نازناوی زانستی (پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر) و (پڕۆفیسۆر) به ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی (70) ساڵی خانه‌نشین ده‌كرێن، لە هەمان کاتدا یاساکە دەسەڵاتی داوە بە ئه‌نجومه‌نی زانكۆ یان ده‌سته کە ده‌توانن راژەی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر درێژ بكه‌نه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك كه زیاتر نه‌بێت له (5) پێنج ساڵ به گوێره‌ی پێداویستی به‌ش یان كۆلێژ به‌و مه‌رجه‌ی كه درێژكردنه‌وه‌كه هه‌ر سێ ساڵ جارێك بێت.
لەسەر ئەو بنەمایەش بۆمان دەردەکەوێت هەموو جۆرە درێژکردنەوەیەکی خزمەتی فەرمانبەر یان راسپێراو بە راژەی گشتی دەبێت بە گوێرەی دەقی یاسایی راشکاوانە بێت، چونکە بابەتی درێژکردنەوە وەک بەدەرکردن (استثناو) لەسەر ئەسڵ دادەنرێت و رێگە پێدراو نیە کە فراوان بوونی تیا بکرێت.
درێژکردنەوەی تەمەنی دادوەرانی دادگای پێداچوونەوە
لە مانگی (6/2020) تەمەنی یاسایی ژمارەیەک دادوەر بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری درێژکرایەوە بۆ ماوەی ساڵێک و لەم بەرەنجامەشەوە مشتومڕی یاسایی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بۆیە لێرەدا و لە بەر رۆشنایی ئەوەی لەپێشەوە باسمان کرد، چەند سەرنجێکی یاسایی تۆمار دەکەین:
یەکەم: بابەتی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی دادوەران لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (23)ی ساڵی (2007)دا دەقی لەسەر نەهاتووە و یاسادانەر ئەم بابەتەی رێکنەخستووە، نە لەڕووی رێگەدان بە درێژکردنەوەکە و ماوەکەی و نە لەڕووی دەسەڵاتی تایبەتمەند بە درێژکردنەوەکە، لەسەر ئەم بنەمایەش لەبەر ئەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی وەک بەدەرکردن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەوا دەبێت لەبەر رۆشنایی دەقێکی راشکاوانەی یاسادا بڕیاری لێ بدرێت، بەپێچەوانەوە درێژکردنەوەکە نایاسایی دەبێت، چونکە وەک گوتمان یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم هیچ دەقێکی لەم بارەیەوە نەهێنابوو، بەم جۆرەش لەروانگەی پاڵپشتی یاسایی، درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی ئەو دادوەرە بەڕێزانە، هیچ سەنەدێکی یاسایی نەبوو.
دووەم: لەبەرەنجامی ئەو بۆشاییە یاساییەی لە خاڵی یەکەمی لای سەرەوە باسمان کرد و بەمەبەستی چارەسەرکردنی ریشەیی یاسایی بڕیارەکە، ئەنجومەنی دادوەری لە بڕیارەکەیاندا پشتیان بەستبوو بە یاسای ژمارە (39)ی ساڵی (2012)ی عێراقی فیدراڵ، کە ئەو یاسایە لە هەرێم بەرکار نیە و کاتێک دەتوانرێت کاری پێ بکرێت کە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (11)ی ساڵی (1992)ی پەرلەمانی کوردستان یاسای بەرکار بوونی بۆ دەرچووبێت، بەم جۆرەش ئەنجومەنی دادوەری پشتی بە ماددەیەک بەستبوو بۆ درێژکردنەوەکە کە لە هەرێم بەرکار نەبووەو بەم جۆرەش بڕیاری درێژکردنەوەکە لە پایەی (محل)ی بڕیارەکەدا، لەکەی یاسایی لەسەر دروست بووەو بڕیارەکە پوچەڵ دەکاتەوە.
سێیەم: بۆ خۆ دەرباز کردن لە مشتومڕی بەرکاربوونی یاسای ژمارە (39)ی ساڵی (2012)ی عێراقی فیدراڵی، ئەنجومەنی دادوەری لە پاڵپشتی یاسایی بۆ بەرکاربوونی یاساکە، گەڕاوەتەوە بۆ بیروڕا دەربڕینێکی ئەنجومەنی شورای هەرێم بە ژمارە (36/2011) کە یاسا ئیتحادییەکانی بە بەکار داناوە لە هەرێم بەشێوەی خۆ بەخۆیی گەرهاتوو لە پاش (9/4/2003) دەرچووبن، لە کاتێکدا یاسای ژمارە (39)ی ساڵی (2012) یاسایەکی فیدراڵی نیە و گەر قیاس لەسەر ئەو بۆچوونەی شورا بکەین، ئەوا دەیان یاسای دیکە و هاوشێوە هەیە کە دەبێت لە هەرێم کاریان پێ بکرێت، بەڵام بە پاساوی بڕیاری ژمارە (11)ی ساڵی (1992)ی پەرلەمان کاریان پێ ناکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە بیروڕا دەربڕینەکەی ئەنجومەنی شورادا باس لەوە کراوە بڕیاری ژمارە (11)ی ساڵی (1992) مەبەستی یاساکاریی (الغرض التشریعى) نەماوە، لە کاتێکدا ئەو بڕیارەی پەرلەمان بە کارپێکراو دادەنرێت تا ئەو کاتەی لەلایەن خودی پەرلەمانەوە بە هەمان ئەو میکانیزمەی پێی دەرکراوە هەموار دەکرێتەوە یان هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە ناکرێت بۆ مەبەستی بەرکار بوونی یاسای هەستیاری وەک یاسای ژمارە (39)ی ساڵی (2012) کە پەیوەندی بە بابەتێکی هەستیاری وەک درێژکردنەوەی راژەی دادوەرانەوە هەیە پشت بە ئیجتیهادێکی ئەنجومەنی شورا ببەسترێت.
ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە هەریەک لە پەرلەمانی کوردستان بە نووسراویان ژمارە (1144 لە 13/7/2020) و دەستەی دەسپاکی هەرێم بە نووسراویان ژمارە (89 لە 7/7/2020) لەسەر بابەتەکە بێتە دەنگ بە نوسراوی ژمارە جەخت لەوە بکەنەوە درێژکردنەوەکە پاڵپشتی یاسایی نەبووە.