ناوەندی کاروباری یاسایی یادی ٤٩ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پیرۆز دەکات
6/1/2024 1:30:52 PMیادی ٤٩ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرۆک باڤڵ و تێکۆشەرانی یەکێتیی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، ژنان و گەنجان، لاوان و خوێندکاران و هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی و خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەین، ئومێد دەکەین ئەم یادە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری یەکێتییەکەمان.
لەو ڕۆژەدا کە شۆڕشی کورد کۆتایی هاتبوو، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەکەمان کێشابوو، لەو کاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنراو خەباتی چەکداری دەست پێکردەوە،
یەکێتیی دامەزراو رابەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی کرد، کۆڵی نەداو خەباتی کرد، رێکخستنە نهێنییەکان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەکانی لە شاخ بەردەوام بوون تا لە راپەڕین رژێمی بەعسیان لە کوردستان وەدەرناو یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنرا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی تێکۆشەرە و خاوەن مێژووێکی پڕ لە سەروەری و شانازییە، مێژووی یەکێتیی مێژووی هەزاران شەهید و سەدان داستان و قارەمانێتییە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و داگیرکەران بووە، مێژووی دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی-یە، بۆیە ئەرکە لەسەر شانی هەموو یەکێتییەکان لەئاست گەورەیی ئەو مێژووە بن و خەبات بکەین بۆ پاراستن و گەشەپێدانی، دەبێ هەموومان باش ئەو راستیە بزانین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەموو تێکۆشەران و شەهیدان و قارەمانانە، ئەرکە لەپێناو ئەم رابردووە پڕ لە شانازی و سەروەرییە هەموو پێکەوە دەست لەناو دەست خەبات بکەین بۆ گەشەپێدانی لە داهاتوودا.
هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختە، بۆیە پێویستە ئەم یادە پیرۆزەدا وەک هەمیشە بکەیە خەبات لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان و دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەکەین و نەهاتوونەتە دی.
جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە خۆمان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم یەکێتییەکان دەکەین و دەخوازین ئەم یادە ببێتە هەوێنی زاڵ بوون بەسەر کێشەکان و چارەسەرکردنیان.
تەلار لەتیف
لێپرسراوی ناوەندی کاروباریی یاسایی