بەرپرسیارێتییە یاساییەكانی ڕیكلام لەناو میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا
6/12/2024 11:01:49 AM

پ.ی.د.كارزان محەمەد


ڕیكلام (Advertising) پرۆسەی ناساندنی كاڵا یا خزمەتێكە بە ئامانجی بە پەسەندزانینی بەرهەمەكە و هەوڵدان بۆ برەوپێدانی لەناو جەماوەردا، بە جۆرێك كە ڕێژەی سوودلێوەرگرتن و بەكارهێنانی ئەو كاڵا و خزمەتە بە قازانج بۆ خاوەنەكەی بشكێتەوە، دەشێ ئەم چالاكییە ماددی بێت (بۆ نموونە فرۆشتنی كاڵایەك یا پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەك)، یاخود تەنها لە پێناو خزمەت بە كۆمەڵگایەك یا كۆی جیهاندا بێت (وەك ڕیكلام بۆ خۆپارێزی لە توشبوون بە ڤایرۆسێكی نوێ یا چۆنییەتی خۆپاراستن لە ڕووداوە مەترسیدارەكان).

تا ئێستا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ ڕیكلام كراوە، دەتوانین بڵێین: بەكارهێنانی كۆمەڵێك ئامڕازە بۆ ناساندنی كاڵایەكی بازرگانی یاخود پیشەسازی بە مەبەستی برەودان بە بەرهەمەكە.

بە پێی بۆچوونێكی تر: ڕیكلام پرۆسەیەكی پەیوەندییە، تیایدا كاری پەخش و بڵاوكردنەوەی ڕیكلام بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر وەرگر ئەنجام دەدرێت كە ئامانجەكەشی بازرگانییە.

لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی یەكەمی (یاسای ڕێكخستنی ڕیكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، ژمارە (4)ی ساڵی (2019ز)دا، بەمجۆرە پێناسەی كردووە: ڕیكلامی بازرگانی خزمەتگوزارییەكە لە ڕێی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی میدیا و ئامڕازەكانی پەیوەندیكردن و هەر شێوازێك لە شێوازەكانی ڕاگەیاندن و هۆیەكانی گواستنەوەی زەمینی و ئاوی و ئاسمانی و لە ڕێگەی تابلۆ و دیوار و سكرین، بە ئامانجی ڕەواجدان بە كاڵا یان خزمەتگوزاری یان بەرهەم، بە مەبەستی هاندانی بەكاربەر بۆ كڕینی یان بەكارهێنانی.

خەسڵەتەكانی ڕیكلامی سەركەوتوو، بوونی كۆمەڵێك تایبەتمەندییە وەك: ڕاشكاو و ئاقڵانە بێت تا كاریگەرییەكی خێرای لەسەر وەرگر هەبێت.هونەرمەندانە بێت، تا سەرنجی بەكاربەر ڕابكێشێت، بە زمانی كڕیار بێت تا دڵنیای بكاتەوە ئەو خزمەت و كاڵایەیە كە دڵخوازییەتی.

بایەخ و گرنگیی ڕیكلام بە هۆی گەشەسەندنی میدیا و بە تایبەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ڕۆژبەرۆژ بە ئەندازەیەكی بەرچاو لە گەشەدایە، چونكە پەیوەندی و بەرژەوەندییەكی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە، ڕیكلام پێویستی زۆری بە میدیا هەیە بۆ ناساندنی بەرهەم و خزمەتگوزاریی، هەروەها خودی میدیاكانیش وابەستەن بە پەیداكردن و بڵاوكردنەوەی ڕیكلامەوە، فاكتەرەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: ڕیكلام سەرچاوەی داهاتێكی گەورەیە بۆ ئامڕازە جۆراوجۆرەكانی بڵاوكردنەوە.

لە هەرێمی كوردستان، سوودوەرگرتن لە ئامڕازەكانی میدیا بە ئامانجی بڕەودان بە كاڵا و خزمەتگوزارییەكان، ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵكشاندایە، هاتنەئارای سۆشیاڵ میدیاش كە دەرفەتی بۆ هەر بەكارهێنەرێك ڕەخساندووە لە ڕێگەی ئەكاونت و پەیجەوە ڕیكلام بۆ بازاڕگەریی و فرۆشتنی كاڵا و خزمەتگوزاری بكات، هێندەی تر بازاڕی ڕیكلامی گەرمتر كردووە.

ئێستا بەچەندین شێواز ئەنجام دەدرێت:

- ڕیكلامی خاوەن كاڵا لە ڕێی ئەكاونت و پەیجەوە.

- بەكارهێنانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن.

- سوودوەرگرتن لە شوێنە گشتییەكان (پارك، شەقام...)

لە بەكارهێنانی هەر كام لەم شێوازانەدا، پێویستمان بە زانینی ڕێكارە یاساییەكانی ڕیكلام هەیە تا دووچاری لێپێچینەوە نەبینەوە.

ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، چوارچێوەی یاسایی بۆ ڕێكخستنی ڕیكلام و سزادانی هەر تاوان و پێشێلكارییەك دانراوە كە لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت، لەم ڕوانگەیەوە خاوەن ڕیكلام و دەزگاكانی میدیاش ئەركی سەرشانیانە بۆ خۆپارێزی لە تاوان، بەر لە پرۆسەی ڕیكلام ئاگاداری ڕێوشوێنە یاساییەكان بن كە دواتر ئاماژەیان پێدەدەین.


جۆرەكانی تاوان لە ڕیكلامدا

بازاڕگەریی لە ڕێی ڕیكلامەوە، وێرای برەودان بەكاڵا و ئاسانكاریی لە مامەڵە و هەڵكشانی ئاستی فرۆش، هەندێكجار بە هۆی بانگەشە بۆ فرۆشتنی ئامڕاز و كاڵا و خزمەتگوزاریی نەشیاو، تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە.

ئەمڕۆ زۆرینەی وڵاتان یاسایان داڕشتووە بۆ دەستنیشانكردنی سنوورەكانی ڕیكلام و دانانی سزا لە كاتی خراپ بەكارهێنانیدا.

لە هەرێمی كوردستانیش، ئێستا یاسای ڕێكخستنی ڕیكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، ژمارە (4)ی ساڵی (2019ز) بەركارە، لە ماددەی (3)دا كە تەرخانكراوە بۆ ڕێگەپێنەدراوەكان، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە نابێت هیچ ڕیكلامێك لە پێچەوانەی ئەم مەسەلانەی خوارەوە بێت:

- ئادابی گشتی.

- سیستمی گشتی.

- ئاسایشی گشتی.

- تەندروستیی گشتی.

- مافەكانی مرۆڤ.

هەروەها لە چەندین یاساشدا ئاماژە بە لەبەرچاوگرتنی (بەرژەوەندیی گشتی) دەدرێت، گرفتی ئەم دەستەواژانە لەوەدایە كە زۆر لاستیكین، دەبوایە یاساكە بە وردی و بە پێی خاڵ سەرجەم تاوانەكانی دەستنیشان بكردایە، تا خاوەن ڕیكلام و میدیاكان بەرچاوڕوونیان هەبێت.

لێرەدا ئاماژە بەچەند بابەتێكی گرنگ دەدەین:

- ئادابی گشتی: پاراستنی ئاكار و ڕەوشتە جوانەكانی كۆمەڵگایە، هەر بابەتێكیش زیان بەو ئادابە جوانانە بگەیەنێت بە پێشێلی یاساكە دادەنرێت، وەك: پڕوپاگەندە بۆ هاوگەڕەزخوازی، بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو لەناو ڕیكلامدا.

- سیستەم و ئاسایشی گشتی: بڵاوكردنەوەی ڕیكلامێك كە سوكایەتی (نەك ڕەخنە) بە سیستەم بكات، یاخود ببێتە مایەی شەڕ و ئاشوب و كوشتوبڕ، بە پێی ئەم یاسایە بە تاوان دادەنرێت.(بۆ نموونە ڕیكلام بۆ توندوتیژی).

- تەندروستی گشتی: هەر ڕیكلامێك بۆ شكاندنی شكۆی تەندروستیی گشتی (بۆ نموونە هاندانی خەڵك بۆ پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەكان)، یاخود پڕوپاگەندە بۆ فرۆشتنی داودەرمانی (ساختە، بێ مۆڵەت، نەشیاو)، دەچێتە خانەی پێشێلی یاسای ڕیكلام.

- مافەكانی مرۆڤ: جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ (1948ز) و چەندین ڕێككەوتنامەی تری بواری مناڵان و ژنان و خاوەن پێداویستی تایبەت و چین و توێژەكانی تر، بۆ پاراستنی ڕێزی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان هەن، زۆربەیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە مافە مرۆییەكانی گەلی كوردیشەوە هەیە، هەر ڕیكلامێك زیان بەو مافانە بگەیەنێت بە تاوان دادەنرێت (بۆنموونە: ڕیكلامێك سووكایەتی بە ژن یان خاوەن پێداویستیی تایبەت بکات).

هەروەها  چەندین تاوانی بڵاوكردنەوە کە ئەنجامدانیان لە ناوەڕۆك و شێوازی ڕیكلامدا هەر بەپێشێلی یاسا دادەنرێت وەك: (جنێودان، ناوزڕاندن، بەزاندنی ژیانی تایبەت).

ئامانجی سەرەكی لەم مەرجە یاساییانە بۆ ڕێكخستنی ڕیكلام، پاراستنی ڕێزی كۆمەڵگای كوردییە لەو مەترسییانەی كە بە هۆی خراپ بەكارهێنانی میدیاوە دێنە ئاراوە.


خۆپارێزی لە تاوانەكانی بواری ڕیكلام

لە پرۆسەی بازاڕگەری لە ڕێگەی ئامڕازەكانی میدیاوە، كۆمەڵێك ڕێوشوێن هەن كە بۆ پاراستنی ماف و خۆپارێزی لە پێشێلی یاسا جێگەی بایەخن.

جۆرێكی تاوان پەیوەندیدارە بە مامەڵەی خاوەن كاڵا و خزمەتگوزاری و دەزگاكانی چاپ و پەخش یا لایەنی ڕیكلامكار، ئەویش پابەندنەبوونە بە بەڵێنەكانیان بە یەكتر، بۆ نموونە خاوەن كاڵا دوای ڕیكلامەكە مافە داراییەكان نەدات بە لایەنی بەرامبەر، یاخود مافی خاوەن ڕیكلام پێشێل دەكرێت و وەك پێویست كارەكەی بۆ ئەنجام نەدرێت. لەم ڕوانگەیەوە، باشترین ڕێكار هەبوونی گرێبەستی یاساییە كە تیایدا ئەرك و مافەكانی لەسەر تۆمار كرابێت، تا لە ساتی هەر پێشێلكارییەكدا، ببێتە بەڵگەیەكی گرنگ بە دەست خاوەن مافەوە لە بەردەم دادگادا.

بە گشتی لە كاتی ڕیكلامدا، پێویستە كۆمەڵێك خاڵ ڕەچاو بكرێن:

- ڕێزگرتن لە سنووری ئەو بابەتە گرنگانەی لە یاسای ڕیكلامدا ئاماژەیان پێدراوە، بۆ نموونە پێشێلی (ئاداب، بەرژەوەندی، سیستەم، ئاسایش، تەندروستی)ـی گشتی و پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ بە تاوان دادەنرێت.

- هەر ڕیكلامێك بەر لە بڵاوكردنەوە، مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری بەرهەمەكەی هەبێت.

- نابێت ڕیكلام ئاستەنگ بۆ خزمەتگوزاریی گشتی دروست بكات، وەك دانانی ڕیكلام لەسەر شۆستەی ڕێبواران یان هاتوچۆی هاووڵاتییان.

- لە ڕووی تیشك و ڕووناكییەوە شیاو بێت.

- لەبەرچاوگرتنی مافی تابلۆ و ڕیكلامی كەسانی تر، بۆ نموونە ڕیكلامێك نەبێتە مایەی حەشاردانی تابلۆ و ڕیكلامی كەس و لایەن و كۆمپانیاكانی تر.

- هیچ ڕیكلامێك نابێ گرفت بۆ ڕیكلامە مرۆیی و تەندروستییەكان یا تابلۆی ڕێنیشاندەری شەقام و شوێنە گشتییەكان دروست بكات.


بەدواداچوون بۆ تاوانەكانی ڕیكلام

بە پێی یاسا، لە كاتی خراپ بەكارهێنانی شوێن و پەیامی ڕیكلامدا، دەشێ سكاڵا لەسەر خاوەن ڕیكلام تۆمار بكرێت، ئەو كەس و لایەنانەی مافی تۆماركردنی سكاڵاشیان هەیە، بە گشتی بریتین لە:

- كەس و لایەنە زیانلێكەوتووەكان.

- داواكاری گشتی یان دامەزراوە حكومی و خێرخوازییەكان لەو ساتانەدا مافی تۆماری سكاڵایان هەیە كە ڕیكلامێك زیانی گەیاندبێت بە دەستوور و یاسا و ڕێنوێنییەكان، واتا پێشێلكردن و زیانگەیاندن بەو ماف و پرەنسیپانەی كە پاراستنیان لە ئەستۆی یاسادایە. (بۆنموونە ڕیكلام بۆ لادانی كۆمەڵایەتی وەك هاوڕەگەزخوازی یا تیرۆر و توندوتیژی، فرۆشتنی كاڵایەك كە دیاردەی تاوان زیاد بكات وەك چەكی بێ مۆڵەت،...).هەندێكجار شوێنی ڕیكلامێك نەشیاو بێ، بۆ نموونە ڕیكلام بۆ كاڵایەك لەناو قوتابخانەیەك كە ئەو كاڵایە بۆ خوێندكار شیاو نەبێت، یاخود قۆستنەوەی گۆڕەپانی نەخۆشخانەیەك بۆ ڕیكلامی دەرمان.

بەرپرسیارێتیی میدیاكان و ئاستی سزای پێشێلكارییەكان

یاسای ڕیكلام لە هەرێمی كوردستان، چەند بەرپرسیارێتییەكی خستۆتە ئەستۆی میدیاكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، بە كورتی لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەین:

- بەرپرسیارێتی كوالیتی و تەكنیكی:

لە خاڵی (5)ی ماددەی (2)دا هاتووە: «ڕاددەی تیشكی ڕووناكی سەر شاشەكانی ڕیكلامی ئەلیكترۆنی سەر شەقامەكان لە ڕۆژدا لە (5000) لۆكس (لومنز/م2) زیاتر نەبێت و لە شەوانیشدا لە (200) لۆكس زیاتر (لومنز/م2) بێت.»

ئەم مەرجەش بە ئامانجی ڕێكخستنی تیشك و ڕەنگەكانی ڕیكلامە تا نەبێتە هۆی بێزاربوونی هاووڵاتییان، یاخود ڕووناكییەكەی زیان بە تابلۆ و ڕیكلامەكانی تر نەگەیەنێت.

- بەرپرسیارێتیی نیشتمانی:

میدیاكان ئەركی سەرشانیانە ڕیكلامی هۆشیاریی بۆ پرسە جۆراوجۆرەكانی تایبەت بە خزمەتی هاووڵاتییان بڵاوبكەنەوە، هەروەك لە خاڵی (6)ی ماددەی (2)ی یاساكەدا هاتووە: «دەبێ دامەزراوەكانی میدیا، ڕیكلامی هۆشیاری نیشتمانی، ڕۆشنبیری، تەندروستی، هاتووچۆ و ئەو ڕیكلامانەی كە تایبەتن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ژنان، بێ بەرامبەر بڵاوبكەنەوە، بۆ تەلەفزیۆنەكان لە (1 خولەك بۆ 4 خولەك) لە ماوەی (24) كاتژمێری پەخش، بۆ چاپكراوەكان بە پێی ڕێنماییەكانی وەزارەتە».

- بەرپرسیارێتیی سزایی:

ڕیكلامیش وەك هەر پەیامێكی میدیایی، ئەگەری ئەوەی هەیە بە ئانقەست و بێ ئانقەست، ڕووبەڕووی دڕان و شێواندن و لابردن و سڕینەوە ببێتەوە.

بۆ سزادانی ئەو كەس و لایەنانەی دەبنە مایەی ئەم پێشێلكارییە، لە ماددەی (4)ی یاسای ڕیكلامدا، چەند ڕێكارێكی لێپرسینەوە و سزادانی بۆ پێشێلكاران دەستنیشان كردووە.

ئەگەر ڕیكلامیك پێشێلی ئەو پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتیمانی و جەماوەرییانە بێت كە لە خاڵەكانی (2،3)ی یاساكەدا هاتوون و لە تەوەرەی تاواندا ئاماژەمان پێداوە (واتا دژ بە ئاداب و سیستەم و بەرژەوەندی و ئاسایش و تەندروستیی گشتی و مافەكانی مرۆڤ بن)، بە پشتبەست بە خاڵی یەكەمی ماددەی (4) ئەم ڕێكارانە پراكتیزە دەكرێت:

١- ڕاستەوخۆ بڵاوكردنەوەی ڕیكلامەكە ڕادەگیرێت.

٢- دادخوازیكاری ڕیكلام، بەرهەمهێنی ڕیكلام و بڵاوكەرەوەی ڕیكلام، سزا دەدرێن بە غەرامەكردن بە بڕێك كە لە (500.000) هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە (15.000.000) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

هەر كەس و لایەنێكیش زیان بە ڕیكلام بگەیەنن (بەمەرجێك سكاڵای یاسایی هەبێت)، بە پێی خاڵی دووەمی ماددەی (4) بە تاوان دادەنرێت، لەم خاڵەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە: هەر كەسێك بە مەبەست ڕیكلامێك لێبكاتەوە یان بیدڕێنێ یاخود بیشێوێنێت، سزا دەدرێت بە:

١- غەرامەیەك كە لە (250.000) هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە (1.000.000) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

٢- پابەندكردنی بە چاككردنەوە و دانانی ڕیكلامەكە وەك خۆی.

٣- قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوو.

ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان كە ململانێی بازاڕگەریی بە هۆی میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە، لە ئاستێكدایە كە یاسا بە تەنها ناتوانێ كۆنتڕۆڵی پرەنسیپە دروستەكانی ڕیكلام بكات، ئەركی سەرشانی خاوەن كاڵا و خزمەتگوزارییەكانە لە پێناو بونیادنانی كۆمەڵگایەكی تەندروست، خۆیان لە بانگەشە بۆ كاڵا و خزمەتگوزاریی نایاسایی و نامرۆڤانە بپارێزن.

هەروەها پێویستە جەماوەریش لەكاتی بینینی هەر ڕیكلامێكی نەشیاو، بە شێوازی ڕیپۆرتی ئەلیكترۆنی و ئاگاداركردنەوەی دامەزراوە یاساییەكان، هەوڵی پاراستنی ئاشتەوایی و جوانییەكانی كۆمەڵگا بدەن، بۆ نموونە ڕیكلام بۆ مامەڵە بە: (چەك، دەرمانی نایاسایی، ئامێری سیخوڕی، بەڵگەنامە و بڕوانامەی ساختە...) كە كۆی كۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە، پێویستی بە هاریكاریی و هەماهەنگیی بەردەوامی جەماوەر و دامەزراوە یاساییەكان و دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیسە، تا ڕیكلام نەبێتە ئامڕازێك بۆ زیانگەیاندن بە شكۆی مرۆڤ و ئاشتەوایی كۆمەڵگا.

میدیاكانیش پێویستە وەك ئەركێكی پیشەیی، هەر بانگەشە و ڕیكلامێك بۆ كاڵا و بابەتێكی زیانبەخش ببینن، بەدواداچوونێكی بنكۆڵكارییانەی بۆ ئەنجام بدەن لە پێناو هۆشیاركردنەوەی خەڵك و هاندانی داواكاری گشتیش بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی.