یـاسـای ڕەق و یـاسـای نـەرم
6/30/2024 12:31:26 AM

سەرکەوت جەلیل 


دەروازەیەک:

وەک بنەمایەکی گشتی، دەکرێت بوترێت، سەرجەم هەوڵە کۆمەڵایەتی و زانستییەکانی نێو ژینگەی مرۆیی، کراوەن بۆ لێکدانەوە و گومانی جۆراوجۆر. یاسای نێودەوڵەتی، وەک یەکێک لەو دیاردە کۆمەڵایەتی و مرۆییانە، لەو بنەما گشتییە بەدەرنییە. گفتوگۆی ڕەقی و نەرمیی یاسایی، دەمێکە هەیە؛ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە و وەک یەکێک لە پرس و پرسیارەکانی فەلسەفەی یاسا، قسەی لەبارەوە کراوە. جگە لە یاسای ناوخۆیی، لە یاسای ناوچەیی و نێودەوڵەتییشدا، باسی یاسای ڕەق و یاسای نەرم، گەرمە؛ وەک لە چوارچێوەی یاسای یەکێتیی ئەوروپا و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیی ژینگەشدا. بۆ نموونە، دەستەواژەی ‹یاسای نێودەوڵەتی›: چ شتێک یاسایە؟ سنوورەکانی کامانەن؟ و هاوکات چ شتێک نێودەوڵەتییە و پێوەرەکانی وەها دیاریکردنێک، چین؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتی، وەک ئەوەی پێناسە کلاسیکییەکە دەیوت، تەنیا پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان ڕێک دەخات؟(1)

لێرەوە، وەک ئەوەی زیگموند باومان دەڵێت، جۆرێک لە ‹شلی›، یان بە زمانی ئەم وتارە کە تایبەتە بە بوارە یاساییەکە، جۆرێک لە ‹نەرمی›، لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا تێبینیی دەکرێت. نەرمی لێرەدا دەربڕی دۆخی ناوەڕاستە، قۆناغی ناوەڕاست، پلەی ناوەڕاستە، کاتێک شتێک یان بابەتێک دەرچووە، دەستی کردووە بە بزووتن و لە گەڕاندایە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە مەنزڵ؛ ئەمە ئەگەر لە بنەڕەتەوە مەنزڵێک هەبێت! پێش هەر شتێک، ئەو نەرمییە نیشانەیە بۆ کۆی نیزامە کۆمەڵایەتییەکە، بۆ کۆی کۆمەڵگە و شارستانێتیی مرۆیی؛ ئەوەی موورای بووکچین ناوی دەنێت ‹سروشتی دووەم›، بۆ جیاکردنەوەی لە ‹سروشتی یەکەم› کە مەبەست سروشتە لە بارە فیزیکی و ماتریاڵی و بەرجەستەکەیدا. لەم وتارەدا، هەر هێندە بوار دەبێت، ئاوڕێک لە یاسای نێودەوڵەتیی ژینگە بدەینەوە و وەک جۆرێک لە یاسا نەرمەکان، بیخەینە بەر باس.


جیاکردنەوەی یاسای ڕەق و نەرم

لەو پێناسانەی لە ئەدەبیاتی ئەم بوارەدا بەردەستن، هەندێک پێوەر و مەرج و خەسڵەت بەمەبەستی جیاکردنەوەی یاسایەکی ڕەق

 (hard law) لە یەکێکی تری نەرم(soft law)، دانراون. 

پێش هەر شتێک، لە یاسای نێودەوڵەتیدا سروشتی نۆرم و ڕێساکان، لەو ڕوانگەیەوە ئایا ڕەقە یان نەرم، پەیوەستە بە کرۆک یان بابەتی ڕێساکەوە. لێرەدا، لە باری واقیعییەوە، ناکرێت دیدی دەوڵەت و بڕیاربەدەستانی، نادیدە بگیرێت و هەروا ئاسان لە بابەتی ڕێساکە، جیا بکرێتەوە. کۆی ئیشەکە لەسەر ئەوە وەستاوە، دەوڵەت و ئەو بڕیار بەدەستانەی چۆن لەو بابەتە دەڕوانن و پێیان وایە چ جۆرە شوێنەوار و کاریگەرییەک لەسەر جوگرافیا و سنوور و سەروەرییان لە ئێستا و داهاتووشدا، دروست دەکات. 

بە مانایەکی تر، ڕەقی و نەرمیی ڕێسایەکی یاسایی نێودەوڵەتی، بەپێی مەبەستی پشتەوەی ڕێساکە دیاری دەکرێت: بۆچی ئەو ڕێسایە هەبێت؟ بۆچی بەو شێوەیە ڕێک بخرێت و بە شێوەیەکی تر نەبێت؟

هەرچەندە زۆر جار گوێمان لێ دەبێت، گوایە یاسای نێودەوڵەتی، هاوشێوەی یاسای ناوخۆیی، دامەزراوەیەکی نا-سیاسی و بابەتییە، بەڵام مارتی کۆسکێنیمی (یەک لە دیارترین ناوەکانی یاسای نێودەوڵەتی) پێی وایە نا، یاسای نێودەوڵەتی کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک یان پرسێک دەبێتەوە، ناتوانێت چارەیەکی بابەتییانە پێشکەش بکات، بەو پێیەی یاسا خودی ئەو ڕیشانەی تێدایە کە لە بنەڕەتەوە کێشەکەیان خوڵقاندووە(2). واتە، گەر بەم شێوەیە بیر بکەینەوە، لایەن یان ڕەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی دامەزراوەی یاسا، ڕوونتر دەردەکەوێت. گەر بەگشتی باسی خەسڵەتەکانی یاسای ڕەق و یاسای نەرم بکەین، دەکرێت هەندێک خاڵ زەق بکرێنەوە(3). 

یاسای نەرم بەوەدا دەناسرێتەوە کە:

1- زۆر ڕوون و ورد نیە.

2- ناتوانێت ئاسەواری یاسایی دروست بکات.

3- لەوانەیە کاریگەرییشی هەبێت، بەڵام لەو لاوە پرسیاری بەرپرسیارێتی قوت دەکاتەوە.

4- ئاستی چاوەڕوانییەکان زیاتر دەکات، لەکاتێکدا مەرج نیە لە واقیعدا ڕەنگ بدەنەوە.


ئەوەش لەکاتێکدا کە دیارترین خەسڵەتەکانی یاسای ڕەق، بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز دەکرێن:

1- یەکخستنی شێوازی مامەڵەکردن و کاردانەوە.

2- جۆرێک لە سەقامگیری و دڵنیایی لە ئاستی مەعریفەی بەردەست بە بابەتی یاساکە.

3- زۆر ئاسان ناگۆڕێت.

هەمان ئەو خەسڵەتانە، کە لە خوێندنەوەی یەکەمدا وەک کۆمەڵێک خەسڵەتی خراپ دەردەکەون، دەکرێت لە دیدی جیاوازەوە و لای کەسی جیاواز، بە جۆری تر لێک بدرێنەوە و وەک خەسڵەتی باشی یاسای ڕەق و نەرم، بێنە ئەژمار. هەرچۆنێک بێت، خاڵی جیاکەرەوەی سەرەکیی نێوان ئەو دوو جۆر یاسایە، ڕوونی و سزا و بەرپرسیارێتییە. لە حاڵەتی یاسای ڕەقدا، بەپێی خودی یاساکە، بە ڕوونی کەس یان لایەنی بەرپرس دەستنیشان دەکرێت و لە کاتی سەلماندنی سەرپێچییشدا، سزایەک هەیە. وەکی تر، سەرباری سوود و کاریگەرییەکانی یاسای نەرم، ئەو چەند خاڵەی تێدا نابینرێتەوە. چونکە یاسا یان نۆرمە نەرمەکان، بەگشتی جۆرێکن لە داواکاری، لە بانگەواز بۆ کاری هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەیەکی ترسناک، وەک تێرۆریزم یان گەرمبوونی جیهان. هاوکات،


 یاسای نەرم کۆمەڵێک سوودیشی هەیە، لەوانە:

١- بەدیهێنانی ڕێکخستنی نەرم، ئاسانترە لە هی ڕەق.

٢- لە ڕێگەی یاسای نەرمەوە باشتر دەکرێت مامەڵە لەگەڵ دۆخی نادڵنیاییدا بکرێت.

٣-دنەی جۆرێک لە سازشکردن دەدات، کە بەوەش باشتر ڕستێک ئەکتەری کۆمەڵایەتیی جیاواز لە دەوری یەکتر و لە دەوری هەمان کێشە، کۆ دەکاتەوە.

٤- کەمکردنەوەی تێچوونی سەر دەوڵەت، چ لە لایەنی داراییەوە و چ لە ڕوانگەی سەروەرییشەوە، واتە فشاری کەمتر دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت. 

دەکرێت یاساکان، ئاستی پابەندی و کاریگەریی جیاوازیان هەبێت و هەمووشیان هەر یاسا بن؟ پرۆسپێر وەیل بە «نا» وەڵام دەداتەوە. ئەو کە پۆزیتیڤیست بوو، باوەڕی بە کاتیگۆرییەکی یاسایی ‹نەرم› نەبوو لە یاسای نێودەوڵەتیدا و وەک جۆرێک لە ‹لاوازیی بیرکردنەوە›ی لەقەڵەم دەدا(٤). بەڵام دواتر و لەلایەن توێژەرانی ترەوە، پێگە و بایەخی یاسای نەرم، لەوانەش لە یاسای نێودەوڵەتیی ژینگەدا، خرایە بەر باس. یەک لەو یاسا نەرمە گرنگانەش، پرەنسیپی ‹زیاننەگەیاندن بە دراوسێ›، کە چەند جارێک لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتییەوە جەختی لێ کراوەتەوە تا وەک بنەمایەکی یاسای نەریتیی نێودەوڵەتیی لێ هاتووە(5).

ژینگە وەک بوارێکی یاسای نەرم

هەڵبەت ڕێسا و بنەمای نەرم لە هەموو بوارەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا، کەم تا زۆر، دەبینرێنەوە. بەڵام یەک لەو بوارانەی، بەردەوام وەک نموونە و کەیسێکی بەرچاوی یاسای نەرم دەهێنرێتەوە، یاسای ژینگەیە. سەردەمی ئێستا بەگشتی وەک سەردەمی ڕێژەییبوون و خێرایی و کەرتبوونی یاسایی دەناسرێتەوە. ژمارەی دەوڵەتان و ڕۆژەکانی وەک بەجیهانیبوون و تەکنۆلۆجیا  و ئابووریی بازاڕ و هتد، لە پێشەوەی ئەو هۆکار و پاڵنەرانەن، کە نیزامی جیهانی دەبزوێنن. بەو هۆیەشەوە، بوونی یاسا و ڕێسای نەرم، لەسەر یاسای ژینگە قۆرخ نیە، بەڵکو وەک وترا، دەکرێت لە هەموو بوارەکاندا هەبێت. بەڵام وەک بنەما، هەندێک توێژەر پێشنیازی ئەوە دەکەن، لەبری چەمکی ‹یاسای نەرم› بیر لە جێگرەوەیەک بکرێتەوە و ‹یاسای ناپابەندکار› بەگەڕ بخرێت، بەو پێیەی ڕەنگە هەردوو وشەی ڕەق و نەرم، گفتوگۆکە بئاڵۆزکێنن. نموونەی ڕێسای ناپابەندکار لە یاسای ژینگەدا وەک جاڕنامە ژینگەییەکان (جاڕنامەی ڕیۆ دی جانیێرۆ لە 1992)، ئەجێندای 21 (هەر لە 1992)، ڕێنماییە ژینگەییەکان (وەک ڕێنماییەکانی بالی لە 2010 تایبەت بە ڕێنماییکردنی دەوڵەتان لە جێبەجێکردنی ئەرکە ژینگەییەکانیاندا)،

 لەگەڵ بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام (sustainable development). ئەمانە و هەر جۆرە جاڕنامە، پێشنیاز، پرۆژەبڕیار، یان ڕێنماییەک، بەشێکن لە یاسای نەرم.

وەک ئەوەی ئێدیت وەیز دەیڵێت، تا سەرەتای سەدەی بیستەم، بەدەگمەن پەیماننامەیەکی تایبەت بە بواری ژینگە هەبوو، جا دووقۆڵی (bilateral) بووبێت یان فرەقۆڵی (multilateral). بەڵام لە کۆنفرانسەکەی ستۆکهۆڵمی 1972ەوە (کۆنفرانسی ژینگەی مرۆیی)، پرسی ژینگە گوڕێکی تری پەیدا کرد و لەو کاتەشەوە سەدان پەیماننامە و جاڕنامە و هتد، دەرچووێنراون. نەک هەر هێندە، بەڵکو بوار و بابەت و کرۆکی پەیماننامەکان فراوانتر و ڕۆڵی لایەنەکانیش، چ دەوڵەت و چ ئەکتەرە مەدەنییەکانی وەک ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، زیاتر بوو(6). زەقترین ئەو هۆکار و پاساوانەی وا دەکەن، دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک لە ڕێکخستنی کاروباری ژینگەییدا و لە ئانوساتی دانوستانی پەیماننامەکاندا، پەنا بۆ شێوە یاسای نەرم ببەن، بریتین لەمانە:

یەک/  ئاسانکاری لە مامەڵەکردن و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەیەکی هەنووکەییدا، کە گەر دەوڵەتان هانا بۆ داڕشتنی پەیماننامەیەکی پابەندکاری سەر بە کاتیگۆریی ‹ڕەق› ببەن، دانوستانەکان ساڵانێکیان پێ دەچێت و لەو نێوانەشدا زیانێکی زیاتر بەر مرۆڤایەتی بکەوێت. یەک لەو نموونانەی ئەم جۆرە کەیسە، گەرمبوونی جیهان (یان گۆڕانی کەشوهەوا)یە، بەو شێوەیەی لە پەیماننامەی پاریسی ٢٠١٥دا ڕێک خراوە. 

دوو/ یاسای نێودەوڵەتی، بەگشتی، لەسەر بناغەی ‹ڕەزامەندی› دامەزراوە؛ دەوڵەتان دەبێت بەو پەیماننامەیە یان بەو کارە ڕازی بن بۆ ئەوەی بەسەریاندا بچەسپێت و ئاسەواری یاسایی دروست بکات. گەر ناڕازییش بن و پێوەی پابەند نەبن، لەوانەیە ڕێوشوێنەکانی سزادان و ناچارکردنیان بە گۆڕینی ڕەفتاریان، وەک ئەوەی لە ناوخۆدا هەیە، کاریگەر نەبن. لە وەها دۆخێکدا، کاتێک دەوڵەتێک بە پەیماننامەیەکی ڕەقی ژینگەیی قەڵس دەبێت، دەکرێت لە ڕێی یاسایەکی نەرمەوە کار لە ڕەفتار و هەڵوێستی بکرێت.

سێ/ لە بوارێکدا کە بەشداریی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان بخوازێت، وەک تاکەکەس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکان، یاسای نەرم باشتر هەلی بەشدارییان بۆ دەڕەخسینێت، بەراورد بە یاسایەکی ڕەق

چوار/  دەکرێت یاسا نەرمەکان بەتەواوی لەلایەن ئەکتەرەکانی تری غەیری دەوڵەتەوە، دابنرێت. نموونەش وەک دەستپێشخەریی ڕاپۆرتلێدانی گەردوونی (Global Reporting Initiative) لەلایەن هاوپەیمانێتیی ئابووریناسانی ژینگەدۆست. بەو کارەشیان بوارێکی زیاتریان بۆ بەشداریی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان لە کاروباری جیهانیدا، ڕەخساند.

پێنج/ دەکرێت یاسای نەرم دەرگا بۆ ڕەواندنەوەی گومان و لابردنی ناڕوونییەکان لە پەیماننامەیەکدا، خۆش بکات. ئەوەش، وەک لە خاڵی یەکدا باس کرا، کاتێک دەبێت کە دەوڵەتان بواری هەموارکردنەوەی پەیماننامەکەیان نەبێت، یان بەو دەمودەستە نەیانبێت.

کاتیگۆریی ‹یاسای نەرم› یان ‹یاسای ناپابەندکار›، ئاڵۆزە و سنووری پرسە یاساییەکان دەبەزێنێت، بەو پێیەی نزیکەی دوو سەدەیە لە بواری فەلسەفەی یاسادا، جەخت لە ‹ڕەقێتی›ی یاسا دەکرێتەوە و لە زۆربەی پێناسەکانیشدا، 

بەو پێودانگە  لە پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکانی تری وەک ئاین و ئاکار، جیا دەکرێتەوە. سەرباری ئەوەش، لای کەم لە ئاستی بوون-بە (صيرورە)دا، کاتی گۆرییەکی نوێی یاسایی نەرم لە زۆرێک لە بوار و لقەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا، هەیە و کاراشە(7).

 بە تێپەڕینی کاتیش، کاریان لە بیرکردنەوەی ناوەندە ئەکادیمییەکان و ڕەفتاری دەوڵەتان و ئەکتەرەکانی تریش کردووە و ئەوەی یەکەم جار بە ‹نەرمی› دەستی بۆ براوە، بە ‹ڕەقی› کۆتایی هاتووە و لە چوارچێوەی پەیماننامەیەکی پڕ و تەواودا، مامەڵەی لەگەڵ کراوە. نموونەی زەق وەک جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، کە تەنیا جاڕنامەیەک بوو، بەبێ هیچ ئاسەوارێکی یاسایی. تا ئەوەندەی لە ١٩٦٦ هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، دەرچووێنران و مافەکانی مرۆڤیان بردە قۆناغی نۆرماتیڤییەوە.